قوباد تاڵەبانی لەفەرمانگەكانی سلێمانی سیستمی "یەکپەنجەرە" رادەگەیەنێت
  2023-03-11       729       

وابڕیاره‌  سبەی یەكشەممە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لەچەند فەرمانگەیەکی سلێمانی سیستمی "یەکپەنجەرە" رابگەیەنێت‌و وتەبێژی جێگری سەرۆک وەزیران-یش ده‌ڵێت، "سیستمه‌كه‌ بریتییە لەباشتر پێشکەشکردنی خزمەتەکان بۆ هاوڵاتیان‌و راییکردنی مامەڵەی هاوڵاتیان لەفەرمانگەکان بەئاسانترین شێوەو نەهێشتنی رۆتین و رێگرتن لەگەندەڵی".

ئاوێنه‌: سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران به‌میدیاكانی‌ یه‌كێتی‌ رایگەیاندووه‌، سبەینێ یەكشەممە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، لەچەند فەرمانگەیەکی سلێمانی سیستمی یەکپەنجەرەیی رادەگەیەنێت.

لەبارەی سیستمەکەوە ناوبراو ده‌ڵێت، “یەکپەنجەرە، لەچێوەی بەئەلیکترۆنیکردنی کاروباری فەرمانگەکانەو بەشێکە لەپڕۆژەی خزمەت، کە بریتییە لەباشتر پێشکەشکردنی خزمەتەکان بۆ هاوڵاتیی‌و راییکردنی مامەڵەی هاوڵاتییان لە فەرمانگەکان بە ئاسانترین شێوە و نەهێشتنی رۆتین و رێگرتن لەگەندەڵی”.

سەمیر هەورامی راشیگه‌یاندووه‌، قۆناغی یەکەم لە پێنج فەرمانگەی پارێزگای سلێمانی جێبەجێدەکرێت و دواتر فەرمانگەکانی تریش دەگرێتەوە، بڕیاریشە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی تریش ئەم پڕۆژەیە جێبەجێبکرێت.

وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ئاشكراشیكرد، سوودی پڕۆژەكە ئەوەیە کە هاوڵاتیی خزمەتخواز لە رێگەی یەکپەنجەرەوە مامەڵەکەی پێشکەشدەکات و دەرئەمجامەکەشی وەردەگرێتەوە، ئەو کاتە فەرمانبەر هەڵدەستێت بەجێبەجێکردنی هەموو مامەڵەکە و پێویست ناکات هاوڵاتیی خزمەتخواز چەند ژوورێک بکات.

وتیشی، “بێگومان ئەمەش رۆتین ناهێڵێت و کە رۆتینیش نەما بەر بە گەندەڵی دەگیرێت، ئەمەش هەمووی لە چێوەی پڕۆژەی خزمەتە کە ساڵی 2013 قوباد تاڵەبانی لەگەڵ پاکێجێک لە پڕۆژەی چاکسازی و بە ئەلیکترۆنیکردنی کاروباری حکومەت پێشکەشیکردوون و دواتر کاریان لەسەر کراوە، وەک بایۆمەتری و خزمەت و تۆماری کۆمپانیاکان و یاسای کار و بە ئەلیکترۆنیکردنی بەشێک لە دامودەزگاکانی حکومەت”.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×