چەكدارانی داعش "شوانێك لە دوای رفاندنی لە سنوری خورماتو، سەردەبڕن"
  2023-03-12       827       

چەند رۆژێك لەمەوبەر چەكدارانی داعش لە سنوری خورماتو شوانێك لە كاتی لەوەڕاندنی مەڕوماڵاتدا دەڕفێنن، ئەمڕۆ یەكشەممە، راگەیەندرا كە شوانەكە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە "سەربڕدراوە."

ئاوێنە: ئەو شوانە ناوی عەلی ئەكبەر جیهاد عەباس بو، ئێوارەی رۆژی 26ی مانگی رابردو لە ناوچەی غەڕە لە سنوری قەزای خورماتو لەلایەن چەكدارانی داعشەوە رفێندرا كاتێك خەریكی لەوەڕاندنی مەڕ بو لەگەڵ چەند برایەكی.

ئەو لە پێكهاتەی توركمانی شیعەی ناوچەكە بو، بەرەی توركمانی ئەمشەو لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، ناوبراو لەلایەن چەكدارانی داعشەوە سەربڕدراوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی بەرەی توركمانی ناوبراو هەفتەیەك لەمەوبەر رفێندراوە.

هاوكات نیازی میعمارئۆغلۆ، سەركردەی توركمانی، وتویەتی، ئەو شوانە كە توركمانی شیعەو خەڵكی خورماتو بوە، باوكی حەوت منداڵ بوەو لەلایەن چەكدارانی داعشەوە سەربڕدراوە.

هەروەها بەرەی توركمانی لە راگەیەندراوەكەیدا داوای لە محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق كروە، هێزی سەربازیی فیدراڵی رەوانەی خورماتو و كەركوك بكات بۆ "بەرقەراركردنی ئاسایش و سەپاندنی یاسا."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×