حكومەتی عێراق بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی پەسەندكرد
  2023-03-13       498       


ئەمڕۆ دوشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوەوە و پڕۆژەیاسای بودجەی 2023، 2024 و 2025 پەسەندکرد و رەوانەی پەرلەمانی کرد بەمەبەستی پەسەندکردنی، هاوکات ئەنجومەنی وەزیران رێکارە کارگێڕییەکانی بۆ بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەشی پەسەندکرد و وەک 19هەمین پارێزگای عێراق ناساندی.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەسەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆبونەوەیەکی تایبەتی بۆ پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023، 2024 و 2025 سازکرد و لەکۆبونەوەکەدا پڕۆژەی بودجەی هەرسێ ساڵەکە پەسەندکرا.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023، 2024 و 2025 رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت بەمەبەستی پەسەندکردنی.

لەکۆبونەوەکەدا رێکارە کارگێڕییەکانی بۆ بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەش پەسەندکرا و لەم بارەیەوە ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە بڕیاری ئەمڕۆی کۆبونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ڕێکارە فیدڕاڵییەکانی بە پارێزگابونی هەڵەبجە لەسەر ئاستی حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ تەواو کرا.

ئاماژەی بەوەشکردوە، دوای بڕیارەکەی حکومەتی عێراقیش، لە ئەمڕۆوە هەڵەبجە بو بە پارێزگای ژمارەی 19ی عێراق.

پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵی عێراق بە گەورەترین پڕۆژەی بودجە لەدوای ساڵی 2003ەوە دادەنرێت کە قەبارەکەی بە زیاتر لە 150 ترلیۆن دینار مەزەندە دەکرێت، پشکی هەرێمی کوردستانیش لە پڕۆژەی بودجە بە 12.67% جێگیرکراوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا كە نرخی یەك بەرمیل نەوت لە بودجەدا بە 70 دۆلار دیاریكراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×