مەسرور بارزانی: دەبێ وەزارەتی ناوخۆ پێداچونەوە بە سیستەمی هاتوچۆدا بكات
  2023-03-13       334       

دوای ئەوەی شەوی رابردو لە روداوێكی هاتوچۆدا پێنج كەس لە ئەندامانی خێزانێك گیانیان لەدەستدا، ئەمڕۆ دوشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند، دەبێ وەزارەتی ناوخۆ پێداچونەوە بە سیستەم و رێنمایی و یاساکانی هاتوچو و ڕێگاو بانەکاندا بکات و ڕێکارەکانی پێدانی مۆڵەتی شوفیریش توندتر بكات.

ئاوێنە: مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە پەیامێكدا وتویەتی"بەداخەوە دوێنێ شەو لە ئەنجامی روداوێکی دڵتەزێنی هاتوچۆ، پێنج کەس لە ئەندامانی یەک خێزان گیانیان لەدەستدا، لە ماوەی تەنیا پێنج ڕۆژیشدا، 16 کەس لە هەرێمی کوردستان، بەهۆی روداوەکانی هاتوچۆوە، بونەتە قوربانی. پرسەو سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆم، ئاڕاستەی کەس و کار و بنەماڵەی قوربانییەکان دەکەم و هاوبەشی خەمیانم و هیوای چاکبونەوەی خێراش، بۆ بریندارەکان دەخوازم."

ئاماژەی بەوەشداوە كە "جێی نیگەرانی و داخێکی زۆرە، ساڵانە ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە هەرێمی کوردستان، لە ئەنجامی ڕوداوەکانی هاتوچۆ، گیان لە دەست دەدەن."

سەرۆكی حكومەتی هەرێم داوای لە هاوڵاتیان و شوفێران كردوە "پابەندبن بە ڕێنماییەکانی هاتوچۆ و خۆیان و کەسوکاریان بپارێزن و دوربن لە تیژڕۆیی."

مەسرور بارزانی جەختی كردۆتەوە كە "دەبێ وەزارەتی ناوخۆش پێداچونەوە بە سیستەمی هاتوچۆ بەگشتی و رێنمایی و یاساکانی هاتوچو و ڕێگاو بانەکان بکات و ڕێکارەکانی پێدانی مۆڵەتی شوفیری توندتر بکەن."

وتوشیەتی"پێویستە هەمو ڕێکارو ئامادەکارییەک بکرێت بۆ سنوردانان بۆ ڕوداوەکانی هاتوچۆ و دڵنیابون لە پابەندبونی هەموان بە مەرجەکانی سەلامەتی و یاساکانی هاتوچۆ."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×