سودانی: داهاتی نەوتی هەرێم دەخرێتە سەر هەژمارێكی بانكی كە لەژێر چاودێری حكومەتی فیدراڵدا دەبێ
  2023-03-13       790       

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ هەرێمی كوردستان گەیشتونەتە رێككەوتن لەبارەی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان بەغداو هەولێر و دەڵیت، بۆ یەكەمجار داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان دەخرێتە سەر هەژمارێكی بانكی كە لەژێر چاودێری حكومەتی فیدراڵدا دەبێت. دەشڵیت، پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا بە 12.6% دیاریكراوە.

ئاوێنە: محەمەد شیاع سودانی، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لەدوای كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران كە تێیدا بودجەی گشتی عێراق پەسەندكرا، لەبارەی كێشەكانی نێوان بەغداو هەولێر وتی"لایەنێك كە كاتی بردو بوە هۆی دواكەوتنی بودجە، لێكتێگەیشتن بو لەگەڵ برایانم لە هەرێمی كوردستان. سوپاس بۆ خوا لەگەڵیان گەیشتینە رێككەوتنێكی گشتگیر لەسەر كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان بەغدا و هەولێر. "

ئەوەشی خستەڕو"لەسەر زۆربەی ئەو ماددانەی لە بودجەدا پەیوەندییان بەو كێشانەوە هەبو گەیشتینە لێكتێگەیشتن، لەوانە فرۆشتنی نەوت و ئیدارەدانی."

سودانی وتیشی"ئەمەوێت ئاماژە بەوە بدەم كە بۆ یەكەمجار گەیشتینە رێككەوتن لەسەر ئەوەی كە داهاتی گشتی نەوتی بەرهەمهێنراوی كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان بخرێتەسەر یەك هەژماری بانكی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان یاخود كەسێك كە ئەو رایدەسپێرێت، سەرپشك دەكرێت لە خەرجكردن لەو هەژمارە، هەژمارە بانكییەكەش لەژێر چاودێری حكومەتی فیدراڵدا دەبێت و تەواوی هەژمارە هاوشێوەكانی دیكە دادەخرێن."

سەرۆك وەزیرانی عێراق وتیشی"ئەمە لێكتێگەیشتنێكی زۆر گرنگە بۆ جەخت كردنەوە لە سەروەریی دەوڵەت بەسەر داهاتەكان و رێكخستنی پەیوەندیی نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم."

ئاماژەی بەوەشدا كە لێكتێگەیشتنەكانی نێوان بەغداو هەولێر بەتەواوی رونكراونەتەوەو لەكاتی بونی هەر ناكۆكییەك لەسەر جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنەی نێوان بەغداو هەولێر، لیژنەیەك هەیە كە راسپاردەكانی بۆ سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ بەرزدەكاتەوە.

هەروەها وتیشی، ئەم لێكتێگەیشتنەی نێوان بەغداو هەولێر، سوربونی هەردولا نیشاندەدات لە هەنگاونان بۆ پەسەندكردنی یاسای نەوت و غاز.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سودانی وتی، كۆی گشتی بودجە بە زیاتر لە 197 ترلیۆن دینار دیاری كراوە، بودجەی كارپێكردن زیاتر لە 150 ترلیۆن دینار و بودجەی وەبەرهێنان زیاتر لە 47 ترلیۆن دینارە و هەروەها كورتهێنان لە بودجەدا بە 63 ترلیۆن دینار دیاریكراوە.

هەروەها وتیشی، پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا بە 12.6 لەسەدا دیاریكراوە هەروەك لە بودجەی ساڵانی پێشوشدا وا دیاریكراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×