ئاسایش ژمارەیەك لە رێكخەرانی خۆپیشاندانەكەی سبەینێی هەڵەبجە دەستگیردەكات
  2023-03-13       418       

ئاسایشی هەڵەبجە ژمارەیەك لە رێكخەران و چالاكوانانی ئەو خۆپیشاندانەی دەستگیركردن كە بڕیارە سبەی سێشەممە، لە هەڵەبجە بەڕێوەبچێت و ژمارەیەك رێكخراو و چالاكوانی مەدەنی ئیدانەی ئەو كارەی ئاسایش دەكەن داوا دەكەن دەستبەجێ ئەو چالاكوانانە ئازادبكرێن.

ئاوێنە: ژمارەیەك رێكخراو و چالاكوانی مەدەنی لە راگەیەندراوێكدا دەڵێن"سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە 13ی ئاداری 2023 ئاسایشی هەڵەبجە حەوت چالاكوانی ئەو شارە كە سەرقاڵی ئامادەكاری بون بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانەكەی سبەینێ‌ دەستگیرکرد، ئێمە ئیدانەی دەستگیرکردنی ژمارەیەک چالاکوان لە شاری هەڵەبجە دەکەین کە بەشێوەیەکی ئاشتیانە خۆیان بۆ خۆپیشاندان ئامادە دەکرد."

لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتوە"بەکارهێنانی ترس و تۆقاندن لە لایەن هێزە ئەمنییەکان و سەرکوتکردنی مافی هاوڵاتیان بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆیان، دژ بەو بەها بەرزانەن کە هاوڵاتیانی شارەکە قوربانیان بۆ داوە."

دەشڵێن"دەستگیرکردنی ئەو چالاکوانانە پێشێلکارییەکی ئاشکرای بەندەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی و یاسا کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستانە کە ئازادی ڕادەربڕین و گردبونەوە گەرەنتی دەکات.

داواش لە بەرپرسان دەکەن "لەکاتێکدا بە پارێزگابونی هەڵەبجە مایەی خۆشحاڵیە بۆ هەموان ئا لەم کاتەدا دەستبەجێ ئەو چالاکوانە دەستبەسەرکراوانە ئازاد بکەن."

دەقی راگەیەندراوەكە:

ئیدانەی گرتن و ڕاگرتنی چالاکوانان لە هەڵەبجە دەکەین

سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەمە ١٣ی ئاداری ٢٠٢٣ ئاسایشی هەڵەبجە حەوت چالاكوانی ئەو شارە كە سەرقاڵی ئامادەكاری بون بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانەكەی سبەینێ‌ دەستگیرکران , ئێمە ئیدانەی دەستگیرکردنی ژمارەیەک چالاکوان لە شاری هەڵەبجە دەکەین کە بە شێوەیەکی ئاشتیانە خۆیان بۆ خۆپیشاندان ئامادە دەکرد.

بەکارهێنانی ترس و تۆقاندن لە لایەن هێزە ئەمنییەکان و سەرکوتکردنی مافی هاوڵاتیان بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆیان، دژ بەو بەها بەرزانەن کە هاوڵاتیانی شارەکە قوربانیان بۆ داوە.

 دەستگیرکردنی ئەو چالاکوانانە پێشێلکارییەکی ئاشکرای بەندەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی و یاسا کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستانە کە ئازادی ڕادەربڕین و گردبونەوە گەرەنتی دەکات.

داوا لە بەرپرسان دەکەین لەکاتێکدا بە پارێزگابونی هەڵەبجە مایەی خۆشحاڵیە بۆ هەموان ئا لەم کاتەدا دەستبەجێ ئەو چالاکوانە دەستبەسەرکراوانە ئازاد بکەن و دڵنیابن لەوەی کە بەڕێز و کەرامەتەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. هەروەها  داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەکانی هەڵەبجە دەکەین ڕێز لە مافی هەمو هاوڵاتیان بگرێت و بپارێزێت بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆیان و کۆبونەوە بە ئاشتیانە بەبێ ترس لە تۆقاندن و هەراسانکردن و توندوتیژی.

داوا لە دەسەڵاتداران دەکەین خۆیان لە بەکارهێنانی هێزی زیادەڕۆیی یان پەنابردن بۆ دەستبەسەرکردنی ئارەزومەندانە بەدور بگرن و لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەدا گفتوگۆیەکی بنیاتنەر بکەن بۆ چارەسەرکردنی ناڕەزایەتییە ڕەواکانی هاوڵاتیان.

ئێمە وەک ژمارەیەک ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی هاوسۆزی خۆمان لەگەڵ ئەو چالاکوانانەی هەڵەبجە دەردەبڕین وهەمو ئەو زیندانیکراوانەی ئازادی رادەربرینی  ناوچەکانی تری کوردستان کە بوێرانە کار بۆ بەرەوپێشبردنی دیموکراسی و دادپەروەری و مافی مرۆڤ دەکەن.

 ئێمە بەردەوام دەبین لە چاودێریکردنی دۆخەکە لە نزیکەوە و لەگەڵ هاوبەشەکانمان کاردەکەین بۆ داکۆکیکردن لە پاراستنی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی هاوڵاتیان.

سەنتەری مێترۆ

ڕێکخراوی هەڵوێست

ڕێکخراوی پایتەختی ئاشتی

رێکخراوی بەدیل بۆ دیبەیت

رێکخراوی کوردستان بۆ هەموان

پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن

هادی حمەڕەشید چالاکوان و چاودێری سیاسی

کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە

فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی

رێکخراوی ئاران بۆ پەرەپێدانی کلتوری مەدەنی.

موجاهید حمەامین چالاکوانی مەدەنی

ڕێکخراوی دۆستانی هەڵەبجە

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×