زانیاری لەبارەی زیادکردنی موچەی فەرمانبەران بڵاوكرایه‌وه‌
  2023-03-14       1600       

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، ئەو لیستەی کە بۆ زیادکردنی موچەی فەرمانبەران بڵاوکراوەتەوە تەنها پێشنیازێکە و بڕیاری کۆتایی لەوبارەیەوە دەرنەچوە، بەڵام هەوڵی جدی هەیە بۆ زیادکردنی موچەی فەرمانبەران.

ئاوێنه‌: موعین کازمی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "هێشتا خشتەی نوێی موچە لەژێر لێکۆڵینەوە و ئامادەکاریدایە لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، یەکلاییکردنەوەی ئەم پێداچونەوەیە و دەنگدان لەسەری لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پێویستی بە کاتێکی زیاترە، ئەو خشتەیەی بڵاوکراوەتەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کە تێیدا ئاماژە بەزیادکردنی موچەی فەرمانبەران کراوە، تەنها پێشنیارێکە بۆ لیستی نوێ نەک بڕیاری کۆتایی".

ئەو پەرلەمانتارە ئاشکراشیکردوە، "خواستێکی حکومی و پەرلەمانی هەیە بۆ ئامادەکردنی لیستێکی نوێی موچە لە ئایندەیەکی نزیکدا کە دادپەروەرانە بێت بەرامبەر بە هەمو فەرمانبەرانی دەوڵەتی عێراق، بەشدارییەکی بەرچاوی هەبێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانی فەرمانبەران و ئەرکەکانیان".

پێشتر عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندبو، بەپێی پێوەرەکانی لیستی موچەی نوێ، موچەی پلە نزمەکان بەڕێژەی 150% زیاد دەکرێت، کەمترین موچە لە عێراق دەبێتە 424 هەزار دینار، پێداچونەوەش بەموچەی سەرجەم موچەخۆرانی دیکە دەکرێت، هەروەها دەرماڵەی فەرمانبەرانیش بەڕێژەی 50% زیاد دەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×