سودانی: سه‌قامگیری و ئاسایشی عێراق به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌، پێكه‌وه‌ گرێدراوه‌
  2023-03-14       415       

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند"سه‌قامگیری و ئاسایش و پێشكه‌وتنی عێراق به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌، پێكه‌وه‌ گرێدراوه‌."

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەریم، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه،‌ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و شاندێكی یاوه‌ری كرد.

له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غداو دوایین په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی گفتوگۆی نێوان هه‌ردولایان تاوتوێ كردو ده‌رباره‌ی دۆخی ئێستای عێراق و ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌می، بیروڕایان گۆڕییه‌وه‌.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە "نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی بۆ سه‌رۆك وه‌زیران سودانی ده‌ربڕی بۆ ته‌واوكردنی ڕێكاره‌كانی به‌پارێزگاكردنی هه‌ڵه‌بجه‌و په‌سه‌ندكردنی پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی عێراق بۆ سێ ساڵی داهاتو تا له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت."

نێچیرڤان بارزانی "هه‌مو هاوكاری و پشتگیرییه‌كی بۆ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران سودانی و حكومه‌تی فیدراڵیی عێراق دوپات كرده‌وه‌و ئه‌و كارانه‌ی تا ئێستا له‌ کارنامه‌ی حکومه‌ت جێبه‌جێی كردون، به‌ ئه‌رێنی و مایه‌ی ئومێد ناوزه‌د كرد."

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لای خۆیشییەوە سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق"ستایشی رۆڵی نێچیرڤان بارزانی له‌ كۆكردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان و په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و پێكهاته‌كانی عێراق و هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانی بۆ ته‌بایی و له‌یه‌كگه‌یشتن، ده‌ربڕی."

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، سودانی دوپاتی كرده‌وه‌ كه‌ "سه‌قامگیری و ئاسایش و پێشكه‌وتنی عێراق به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌، پێكه‌وه‌ گرێدراوه‌، به‌پارێزگاكردنی هه‌ڵه‌بجه‌یشی به‌ خزمه‌تێكی بچوك زانی به‌رامبه‌ر ئه‌و تاوانه‌ی به‌رامبه‌ر ئه‌و شاره كراوه‌."

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە "هه‌ردولا له‌سه‌ر گرنگی و پێویستیی ته‌بایی و یه‌كڕیزیی نێوان هێزو پێكهاته‌ عێراقییه‌كان بۆ پاراستنی سه‌قامگیریی سیاسیی وڵات و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌ولێرو به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستور هاوڕابون، هه‌روه‌ها جه‌ختیان له‌ گرنگیی كه‌رتی تایبه‌ت و ڕۆڵی له‌ پێشخستنی وڵات له‌ هه‌مو بواره‌كاندا كرده‌وه‌."

هەروەها "په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و دوایین پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌ بو."

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"دوای كۆبونه‌وه‌كه‌ش نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیران سودانی به‌شدارییان له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شدا كرد له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و نوێنه‌رانی پێكهاته‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و پارێزگار و سه‌رۆكی ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ تیایدا بیروڕایان ده‌رباره‌ی دۆخی ئێستای عێراق و هه‌رێمی كوردستان، گۆڕییه‌وه‌."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×