ئەندامێکی سوپای پاسداران کە بەپێی زانیارییەکان ڕۆڵێکی کارای لە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئەو شارەدا هەبووە، لەلایەن گرووپێکی چەکداری نەناسراوەوە کوژراوە.
ئاوێنە: بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ سەرلەئێوارەی ڕۆژی هەینی، ٢٦ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ (١٧ی مارسی ٢٠٢٣)، ئەنوەر عەزیزی، ئەندامی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی و فەرماندەی بنکەی بەسیجی گوگتەپەی شاری مەهاباد، لە ماڵی خۆیدا و لەلایەن کەسانێکی چەکداری نەناسراوەوە کوژراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەنوەر عەزیزی، خەڵکی گوندی "تازەکەند"ی سەر بە ناوچەی شاماتی مەهابادە و دانیشتووی ئەو شارە (باڵەخانەکانی فەجر) بووە و لەلایەن گرووپێکی نەناسراوی چەکدارەوە دراوەتە بەر دەستڕێژ و ١٢ گوللەی بەر کەوتووە.
تاکوو کاتی داڕشتنی ئەو هەواڵە، ڕاگەیاندنە حکوومەتییەکان هیچ هەڵوێستێکیان لەسەر کوژرانی ئەو ئەندامەی سوپای پاسداران نەبووە و لە لایەکی دیکەشەوە هیچ حیزب و لایەنێکی کوردستانی بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشەی نەگرتووەتە ئەستۆ.
شایانی باسە کە شایەتحاڵان باس لەوە دەکەن ئەنوەر عەزیزی وەکوو یەکێک لە فەرماندە مەیدانییەکانی سوپای پاسداران دەستی هەبووە لە سەرکوت و کوشتنی خەڵکی شاری مەهاباددا.
لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا لە شاری مەهاباد لانی کەم ١٣ هاووڵاتی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون، هەروەها سەدان کەسیش بریندار بوون و جیا لەوانەش لەلایەن ئەو هێزانەوە سەدان کەس ڕفێندراون و ئەشکەنجە دراون.