ئیبراھیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران پێشوازی لە بانگھێشتنامەکەی سەلمان بن عەبدولعزیز، پادشای سعودیە دەكات، بۆ ئەوەی سەردانی ڕیاز بکات بە ئامانجی پتەوکردن و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات.
ئاوێنه: محەمەد جەمشیدی، یاریدەدەری سەرۆک کۆماری ئێران لە تویتەر نوسیویەتی: پادشای سعودیە بانگھێشتنامەیەکی ئاڕاستەی ئیبراھیم ڕەئیسی، سەرۆککۆمار وڵاتەکەیان کردووە بۆ ئەوەی سەردانی ریاز بکات دوای ئەوەی ھەردو وڵات رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان ئیمزاکرد.
جەمشیدی وتیشی: سەرۆک کۆمار پێشوازی لەو بانگھێشتنامەیە دەکات و جەختیش دەکاتەوە لەسەر ئامادەیی تاران بۆ بەھێزکردنی ھەماھەنگی و کاری پێکەوەیی لەگەڵ ریاز.
ڕۆژی ١٠ی ئازار، سعودیە و ئێران بە نێوەندگیریی چین ڕێککەوتن پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە و نوێنەرایەتی دیپلۆماسی لە وڵاتی یەکتردا بکەنەوە.