سێ گەنج کەوتنە دەریاچەی دەربەندیخانەوەو یەکێکیان خنکا
  2023-03-22       346       

پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، سێ گەنج کە بەمەبەستی ڕاوەماسی ڕویان لەناوچەکە کردبو، کەوتونەتە ناو دەریاچەی دەربەندیخانەوەو دوانیان خۆیان رزگار کردو یەکێکیان خنکا، ھێزەکانی پۆلیس و تیمە فریاگوزارییەکانی تر سەرقاڵی گەڕانن بۆ دۆزینەوەی تەرمی گەنجەکە.

ئاوێنە: پۆلیسی سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"دوای ئەوەی شەوی رابردو سێ گەنج لەدەریاچەی دەربەندیخان ماونەتەوەو بەمەبەستی ڕاوەماسی چونەتە ناوچەکە، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان و بەھۆی نەشارەزایی یەکێکیانەوە بەلەمەکەیان وەرگەڕاوەو کەوتونەتە دەریاچەکەوە، دوان لەگەنجەکان توانیویانە خۆیان رزگار بکەن، بەڵام گەنجەکەی دیکەیان بەناوی (س. ع. م.) لەدایکبوی 1983 کە مەلەی نەزانیوە خنکاوە."

ئاماژەی بەوەشداوە كە "پاش ڕوداوەکە مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی ھەوارەبەرزەی سەربە بەشی پۆلیسی دەربەندیخان گەیشتنە شوێنی ڕوداوەکەو لەگەڵ تیمە فریاگوزارییەکانی تردا سەرقاڵی گەڕانن بۆ دۆزینەوەی تەرمی گەنجەکە."

وتوشیەتی"ھەروەھا بەمەبەستی لێکۆڵینەوەی زیاتر لەڕوداوەکە، دو گەنجەکەی تر لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی ھەوارەبەرزەوە دەستگیرکراون و لەئێستادا بەبڕیاری بەڕێز دادوەر ڕاگیراون و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیاندا بەردەوامە."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×