مەكتەبی سیاسی یەكێتی: لایەنە سیاسییەكان ئەم مانگە پیرۆزە بكەنە دەرفەت بۆ ئاشتەوایی
  2023-03-22       367       

مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە پەیامێكدا بە بۆنەی هاتنی مانگی رەمەزانەوە داوا لە لایەنە سیاسییەكان دەكات ئەم مانگە پیرۆزە بكەنە دەرفەت بۆ ئاشتەوایی گشتی و بەرژەوەندییە باڵاكان بخەنە پێش بەرژەوەندییە تایبەتییەكانیان.

ئاوێنە: مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە پەیامێكدا بە بۆنەی هاتنی مانگی رەمەزانەوە وتویەتی"ئومێدەوارین مانگی رەمەزانی پیرۆز، مانگی خێرو خۆشی و قوڵبونەوەی گیانی لێبوردەیی و ئاشتی كۆمەڵایەتی بێت بۆ گەلەكەمان."

هەروەها داواشی كردوە"هێزو لایەنە سیاسییەكان ئەم مانگە پیرۆزە بكەنە دەرفەت بۆ ئاشتەوایی گشتی و بەرژەوەندییە باڵاكانی میللەتەكەمان بخەنە پێش بەرژەوەندییە تایبەتیەكانیان."

دەقی پەیامەكەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی:

بەبۆنەی هاتنەوەی مانگی پیرۆزی رەمەزان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی هەموو موسلمانانی كوردستان و عیراق و جیهان دەكەین، ئومێدەوارین مانگی رەمەزانی پیرۆز، مانگی خێرو خۆشی و قوڵبونەوەی گیانی لێبوردەیی و ئاشتی كۆمەڵایەتی بێت بۆ گەلەكەمان.

لەیەزدانی مەزن داواكارین، لەم مانگە پیرۆزەدا، گەلەكەمان  بەدور بێت لە هەمو كێشەو نەهامەتییەك و بە تەندروستی باش رۆژو و ئەركە ئایینییەكانیان جێبەجێبكەن. هەروەك هێزو لایەنە سیاسییەكان ئەم مانگە پیرۆزە بكەنە دەرفەت بۆ ئاشتەوایی گشتی و بەرژەوەندییە باڵاكانی میللەتەكەمان بخەنە پێش بەرژەوەندییە تایبەتیەكانیان.

مەكتەبی سیاسی

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×