"هیچ تیمێك بۆ گەڕان بەدوای تەرمى ئەو گەنجە دابین نەکراوە كە لە دەریاچەی دەربەندیخان خنكا"
  2023-03-23       469       
وێنەی ئەو گەنجە لە دەریاچەی دەربەندیخان خنكا

زیاتر لە 24 سەعاتە بەهۆى وەرگەڕانى بەمەلەمەکەیانەوە گەنجێک لە ئاوى دەربەندیخان خنکاوەو تا ئێستاش تەرمەکەى دەرنەهێنراوەتەوە،  قائمیقامى دەربەندیخانیش دەڵێت: هیچ تیمێک بۆ گەڕان بەدوای تەرمى ئەو گەنجە دابین نەکراوە.

ئاوێنە: سلێمان محەمەد، قائیمقامى قەزاى دەربەندیخان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە میدیای رەسمی گۆڕانی وت؛ ماوەى 24 سەعاتە گەڕان بەدواى تەرمى ئەو گەنجە بەردەوامە کە بەهۆى وەرگەڕانى بەلەمەکەیان لە ئاوى دەربەندیخان خنکا.

وتیشی، "لە ئێستادا هیچ تیمێک بۆ گەڕان بەدواى تەرمى ئەو گەنجە دابین نەکراوەو ئەو کەسانەى کە دەگەڕێن بۆ تەرمەکە هاوڕێ و خزم و کەسى نزیکی ئەو گەنجەن و مەلە دەزانن."

جەختیشیکردەوە "پڕۆسەى گەڕانەکە پێویستى بە تیمى غەواسى زۆر پێشکەوتو هەیە کە نە لە دەربەندیخان نە لە سلێمانى نییە و تەرمەکەش لە ئێستادا لە قوڵایی زیاتر لە 50 مەتردایە و ئەمەش پڕۆسەى گەڕانەکەى قورس کردوە."

دوێنێ پۆلیسی سلێمانی ئاشكرایكرد، سێ گەنج کە بەمەبەستی ڕاوەماسی ڕویان لەناوچەکە کردبو، کەوتونەتە ناو دەریاچەی دەربەندیخانەوەو دوانیان خۆیان رزگار کردو یەکێکیان خنکا.

پۆلیسی سلێمانی، ئەوەشی خستەڕو، بەمەبەستی لێکۆڵینەوەی زیاتر لەڕوداوەکە، دو گەنجەکەی تر لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی ھەوارەبەرزەوە دەستگیرکراون و لەئێستادا بەبڕیاری دادوەر ڕاگیراون و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیاندا بەردەوامە.

هەروەها بەپێی راگەیەندراوێكی قائیمقامیەتی دەربەندیخان، پاشنیوەڕۆی دوێنێ "قائیمقامی قەزای دەربەندیخان ڕۆشتە شوێنی رداوەکە بۆ زیاتر هاوکاریکردن و کارئاسانیکردن بۆ دۆزینەوەی تەرمەکە لە هەمان کات پەیوەندی تەلەفونی لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی و بەشێک لە پەرلەمانتاران ئەنجامدا بەمەبەستی ناردنی تیمی ژێرئاوگەڕ (غواص)ی تایبەت بۆ شوێنی ڕوداوەکە."

بەگوێرەی زانیارییەكان ئەو گەنجەی كە خنكاوە سامان عەبدوڵاو لەدایكبوی ساڵی 1983 بوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×