شرۆڤەیەك: ناكۆكییەكانی پارتی و یەكێتی چوار لێكەوتەیان هەیە لەسەر پێگەی كورد لە بەغدا
  2023-03-25       1082       

توێژینەوەیەكی شیكاری لەسەر لێكەوتە نەرێنییەكانی قوڵبونەوەی ناكۆكییەكانی پارتی و یەكێتی هەڵوێستە دەكات و ئەوە دەخاتە ڕو بەهۆی ئەوەی لە عێراقدا پێشێلكردنی یاسا و دەستور بوەتە نەرێت و هێز و پێگەی سیاسی بونەتە گرەنتی و بە لاوازبونی هی هەر پێكهاتەیەكیش ئەگەرەكان بە ڕوی هەمو پێشهاتەیەكدا كراوەن.

ئاوێنە: بەگوێرەی شرۆڤەكەی "خانەی هزری كوردستان" كە "یاسین تەها" نوسیویەتی، هەرچەندە گرژییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان مێژویەكی كۆنی شەست ساڵەیان هەیە، بەڵام پاش ئاشتەواییی 1998ی واشنتۆن و یەكخستنەوەی چوارچێوە گشتییەكانی ئیدارە لە 2005، ڕەنگە بارودۆخی وەك پاش ئۆكتۆبری 2022ی بەخۆیەوە نەدیبێت. ئەم ناجۆرییەش لە كاتێكدا سەری هەڵداوەتەوە، كە عێراق لە بەردەم تێپەڕاندنی بودجەی سێ ساڵدایە (2023، 2024، 2025)، هەروەها بە گوێرەی بەرنامەی حكومەتی فیدراڵی بە سەرۆكایەتیی محەمەد شیاع سودانی، زۆر پرس و دۆسیەی تایبەت بە كورد لەوانەش: نەوت، دادگای فیدراڵی، ئەنجومەنی فیدراڵی، مادەی 140 و ... هتد. خشتەی كاتییان بۆ دانراوە كە شەش مانگن، جێبەجێكردنی ئەم وێستگانەش پێویستی بە بەدواداچون و دانوستانی چڕ هەیە.

شرۆڤەكە باس لەوەش دەكات بە هۆی ئەوەی ناكۆكییەكان بەردەوام پەرەسەندن بەخۆیانەوە دەبینن و سەقفی وەستانیان دیار نییە، بەڕوی چەند ئەگەری خراپدا كراوەن، لەوانەش دو ئیدارەیی یان مانەوەی دۆخەكە بەوجۆرە تا كاتی تر. لە بارەی ئاستە عێراقییەكەشییەوە شرۆڤەكە چوار لێكەوتەی سەرەكی ناكۆكییەكان دەخاتەڕو كە بەكورتی لە چوار تەوەرەیەدا خۆیان دەبیننەوە:

1_ سێگۆشەی "شلۆقی"ی دەسەڵات:

بە هۆی ئەوەی لە عێراقدا جێبەجێنەكردنی دەستور و یاسا بوەتە شتێكی باو و ئاسایی، هەروەها زۆر بڕگەی دەستور هەن لاستیكی و گشتگیرن و، هەندێكیشیان پێویستیان بە دەركردنی یاسایە و بۆیان نەكراوە، هەمیشە سەنگ و پێگە و هێز لای بكەرە سیاسییەكانە، هەر ئەو هێز و پێگەیەش رۆڵ دەبینێت لە تێپەڕاندنی پرۆژەیەك و پەكخستنی پرۆژەیەكی تر. بە هەمو پێوەرە دیمۆگرافی و سیاسییەكان، كورد لە چاو پێكهاتەی عەرەب (شیعە و سوننە) كەمینەیە و لە هیچ بارودۆخێكدا ناتوانێت لە "یاریی ژمارە" چ لە پەرلەمان و چ لە ئەنجومەنی وەزیران، خواستی خۆی بسەپێنێت، بۆیە تەنها بژاردەی بەردەستی خۆی لە بەهێزكردنی پێگەكەی و ڕایەڵەكانی هاوپەیمانێتی و خۆگونجاندنییەتی لەگەڵ هاوكێشە سیاسییەكان، ئەمەش گوتار و ئەجێندای هاوبەش و یەكگرتوی پێویستە لانیكەم لە نێوان ئەو هێزە سەرەكییانەی بەشدارن لە حكومەتی هەرێم، ئەگەرنا گوشار و داواكارییەكانیان سەنگ و قورساییی پێویست لە دەست دەدات و لایەنە پەرتەوازە بوەكان دەبنە ژمارە لە ناو هاوپەیمانییە گەورە عەرەبی و تایفییەكانی تر. 

2_ شێوانی وێنە

لە ساڵانەی 2006_2008 شەڕێكی تایفی گەورە لە بەغدا و پارێزگاكانی تری ناوەڕاستی عێراق لە نێوان هێزە شیعە و سوننەكاندا هەڵگیرسا، هەر لەو کاتدا سەرۆكوەزیرانی عێراق (نوری مالیكی) پلانێكی بە پاڵپشتی هێزەكانی ئەمریكا بەناوی "سەپاندنی یاسا" ڕاگەیاند، بە هۆی بێمتمانەییی زۆریشەوە بە هێزە فەرمییەكانی عێراق، حكومەت پەنای بۆ بەشداریپێكردنی هێزەكانی پێشمەرگە برد بۆ پاراستنی ئاسایشی پایتەخت، هەر لە میانەیەشدا هێزی پارێزگاریی پەرلەمان كران بە كورد، كە تا ئێستاش هەر ئەوانن، لەم قۆناغەدا كورد رۆڵی ناوبژیوان و پارسەنگی قەپانیان دەگێڕا لە عێراق و، لە بەغدا سەرۆكایەتیی كۆمار لە هەولێر سەرۆكایەتیی هەرێم دەستپێشخەرییان دەكرد بۆ كۆكردنەوەی لایەنە ناكۆكەكانی عێراق، هەر لەم چوارچێوەیەشدا لە ساڵی 2010 لە هەولێر درێژترین چەقبەستنی سیاسی بە "رێككەوتنی هەولێر" كۆتایی هات و كابینەی دوەمی مالیكی خرایە سەر پێ، بەڵام لە ئێستاشدا پاش پاشەكشەی پێگەی هەرێم و  گەیشتنی ناكۆكییەكانی هەردو هێزە سەرەكییەكەی كورد (پارتی و یەكێتی) بە لوتكە، وێنەكە پێچەوانە بوەتەوە و لە ئێستادا سەرۆكوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی یەكێكە لە سێ نێوانگیر لەگەڵ نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان و سەرۆكایەتیی هەرێم لە نێوان پارتی و یەكێتی بە ئامانجی گەیشتنە رێكکەوتن لە بارەی ئەو پرسانەی بەتوندی لەسەری ناكۆكن.

3_ جیاوازیی دیدگا لەبارەی پرسە هەستیارەكان

لە سێ خولی یەكەمی پەرلەمانی عێراق و حكومەتی فیدراڵیدا (2005_2018)، لایەنە كوردییەكان بە وەرەقەیەكی هاوبەش لە بارەی پرسە جێگە بایەخەكانی هەرێمی كوردستانەوە لە حكومەتی فیدراڵ بەشدار دەبون، بەڵام لە كابینەكانی دواتردا بەهۆی ناكۆكییەوە وردە وردە پەیپەرە هاوبەشەكە نەما و بو بە هەڵم، لە كابینەی ئێستادا كە هیی "محەمەد شیاع سودانی"یە بەهۆی جیاوازیی دو هێزە حوكمڕانەكەی كوردستان (پارتی و یەكێتی) خەریكە دو دیدگای جیاواز لە بارەی داواكارییە كوردییەكانەوە دروست دەبن. لەم میانەیەشدا ڕەنگە پرسی نەوت زەقترین نمونەی دوركەوتنەوەی پارتی و یەكێتی بێت لە گوتاری هاوبەشی جاران، ئەم جیاوازی دیدگایەش لەسەر نەوت نمونەیەكە كە رۆژ بە رۆژ لەنێوان هەردولا قوڵ دەبێتەوە، ئەگەر چی تاكتیكی شەڕی سیاسی هەردولا بێت، یان هەڵقوڵاوی بەرنامە، بە گوێرەی ئاماژە بەردەستەكان كاریگەری زۆری دەبێت لە تێكدانی رێساكانی نەخشە سیاسییەكەی جاران كە تێیدا پارتی و یەكێتی یەك سیاسەتیان دەربارەی نەوت و وزە هەبو لەسەر ئاستی عێراق بەو پێیەی لە ساڵی 2009 یەكەم هەناردەی نەوتی هەرێم بە سەرپەرشتی و بەشداریی تاڵەبانی و بارزانی و بە لێكگەیشتن و ڕێككەوتنی هەردولا خرایە سەر پێ.

4_ پەرتەوازەییی سیاسی:

لە دەمی قوڵبونەوەی ناكۆكییەكانی پارتی و یەكێتییەوە لە پاش ئۆكتۆبری 2022، سەردانی شاندەكانی هەرێم بۆ بەغدا دەستی پێ كردوە بۆ دانوستان چارەسەركردنی پرسە هەڵواسراوە كەڵەكەبوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەو پێیەی لە بەرنامەی کاری حكومەتدا وادە دیاری كراوە، ئەم شاندانە كە جگە لە پارتی وەزیری داراییی بزوتنەوەی گۆڕانیشی تێدایە. گوتاری پارتی، هەروەها میدیا و ڕاگەیەنراوە فەرمییەكانی حكومەت و ئەجێندای كۆبونەوەكانی هەفتانەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، پشتیوانی زۆر لەو شاندانە دەكەن و بە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم دەیناسێنن و گوێ بە بایكۆتی یەكێتی نادەن، بەڵام یەکێتی سورە كە "شاندەکان حزبین و گوزارشت لە ڕای حکومەتی هەرێم ناكەن"! ئەمەش ئاستێكی بەرزە لە دەرچونی كێشەكان لە كۆنترۆڵ و گەیشتنی بە دەرەوەی هەرێم بەجۆرێك لە بەغدا خەریكە "جەمسەری هەولێر" و "جەمسەری سلێمانی" دەچێتە ناو ئەدەبیاتی سیاسییەوە.

شرۆڤەكە باس لەوەش دەكات جگە لە پرسی نەوت و بودجە و كێشەكانی هەرێم و بەغدا، نزیكترین پێشهات لە بەردەم هەرێمی كوردستاندا، هەڵبژاردنە كە دواخستنی بەهۆی ناكۆكیی پارتی و یەكێتییەوە كوردستانی خستوەتە لێواری بۆشایییەكی سیاسی، یاسایی، گلەیی و پەڵەی زۆری هێناوەتە سەری، مانەوەی ئەم دۆخەش بەوجۆرەی كە هەیە مەترسی ئەوەی لێ دەكرێت تارمایی و بژاردەی دو هەرێمی بكاتە ڕاستی، ئەگەر هات و یەكێتیی نیشتمانی بۆ نمونە ئامادە نەبو بەشداریی هەڵبژاردنەكە بكات كە پارتی پێداگری لەسەر ئەنجامدانی دەكات تا كۆتایی 2023، چونكە پارتی پێی وایە چاری تر نییە و بەبێ یەكێتیش ئامادەیە پرۆسەكە بەڕێوە ببات.

لە كۆتاییدا شرۆڤەكە هۆشدارییەكەی جنین بلاسخارت بیر دەهێنێتەوە كە هەرێمی كوردستان تەنیا دو بژاردەی لەبەر دەستە: دەتوانێت یەکگرتو بێت و ڕوبەروی گەندەڵیی سیستەماتیکی ببێتەوە و بڕەو بدات بە ڕێزگرتن لە ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان، بەرەو پێشوەچونێکی بەرچاو لە بواری ئاسایش و ئابوریی وەدەست بهێنێت. یان دەتوانێت شکستخواردو بێت لە ڕێکخستنەوەی کاروباری ناوخۆیی و سەرکێشیکردن بەو دەستکەوتانەی وەدیهاتون لە دەیەکانی ڕابردو و دەڵێت "بە گوێرەی ئەمەش ئایندەی هەرێمی كوردستان لە لێواری مەترسیدایە بەهۆی ناكۆكیی قوڵەوە، باشترین و بەردەستترین بژاردەش ڕێكسختنەوەی تەوەرەكانی گرنگیدان و بەرێوەبردنی ناكۆكییەكانە بەجۆرێك ئاستەكانی بەغدا و حكومەتی فیدراڵی جیا بكرێتەوە لە پرسە ناوخۆیییەكانی هەرێم".

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×