ڕێباز حه‌ملان: موچەخۆران دڵنیا دەکەینەوە، دابه‌شكردنى موچه‌ به‌بێ كێشه‌ به‌رده‌وامده‌بێت
  2023-03-26       794       

ڕێباز حەملان یاریده‌ده‌رى سه‌رۆكى حكومه‌ت بۆ كاروبارى دارایی ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "لێکتێگەیشتنی باش لەگەڵ بەغدا هەیە بۆ بەردەوامیدان بەفرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان"، دڵنیاییش به‌موچه‌خۆران ده‌دات‌و ده‌ڵێت، "دابه‌شكردنى موچه‌ به‌بێ كێشه‌ به‌رده‌وامده‌بێت".

ئاوێنە: ڕێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ كاروبارى دارایی‌و ئابوریى، دڵنیایی دەداتە موچەخۆرانی هەرێم لەبەردوامی پرۆسەی دابەشکردنی موچە.

ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لەگفتوگۆی بەردەوامدان بۆ ئەوەی بەردەوامی بدرێت لەفرۆشتنی نەوتی هەرێم‌و بەگوێره‌ى ئەو لێکتێگەیشتنەی پێشتریش کراوە، داهاتی فرۆشی نەوتی هەرێم لەسندوقێک دادەنرێت کە بانکی ناوەندیی عێراق زانیاری لەبارەوە دەبێت.

ئه‌و په‌یامه‌ى حه‌ملان له‌كاتێكدایه‌، دوێنێ شه‌ممه‌، ورده‌كاریی بڕیاره‌كه‌ى دادگاى پاریس ئاشكراكراو حەملانیش وتى، "بەداخەوە هەندێک لایەن لەهەرێم به‌خۆشحاڵییەوە لەبڕیارەکەی دادگا دەڕوانن، لەکاتێکدا موچەی هێزە چەکدارییەکانیان، پەرلەمانتاران‌و میدیاکارەکانیان لەداهاتی نەوت وەردەگرن".

وه‌كو حه‌ملان به‌میدیاى نزیك له‌پارتى وتوه‌، "هەرێمی کوردستان لەعێراق‌و وڵاتانی دەوروبەری دژایەتیکراوە، بۆیە پێویستبوو ئەو لایەنانە، مەسەلە نەتەوەییەکەیان لەپێش چاوبێت، دواتر نیگەرانی‌و جیاوازییە سیاسییەکانیان بهێنایەتە پێشەوە".

جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، "بڕیارەكه‌ى دادگاى پاریس نوێ نییەو دەمێکە عێراق ئەو داوایەی تۆمارکردوەو پێشتر بەغداو ئەنكەرە لەسەر ئەوە ڕێککەوتن ئەگەر لەسەر ئەو بۆری گواستنەوەی نەوتە نەگەنە ڕێککەوتن، لەدادگا ئەو پرسە یەکلایی بکەنەوەو ئێستاش بڕیارەکە لەبەرژەوەندی عێراق‌و دژی تورکیا دەرچوە".

بڕیارەكه‌ى دادگا لەکاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق‌و تورکیا ئێستا لەقۆناغێکی باشدایەو پێش چەند ڕۆژێک سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی تورکیای کردو لێکنزیکبونەوەو لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان هەردولادا هەیە.

به‌وته‌ى حه‌ملان، "بەرەوپێشچونی باش لەگفتوگۆکانی نێوان هەولێر‌و بەغدا هەیە لەبارەی دۆسیەی نەوت‌و غازه‌وه‌، تەنها لەبارەی چەند پرسێکی تەکنیکی ماوە بگەینە ڕێککەوتنی کۆتایی، بۆ ئەوەی هاوشێوەی پڕۆژەیاسای بودجە، پڕۆژەیاسای نەوت‌و غاز لەئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پەسەندبکرێت‌و ڕەوانەی په‌رله‌مانى عێراق بکرێت".

لەدوای بڕیارەکەی دادگای فەرەنساش، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ کاروباری ئابوری جه‌ختیكرده‌وه‌، "لەڕێگەی گفتوگۆوە، ڕێککەوتن دەکرێت لەسەر ڕێکاری نوێ بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێم‌و بۆ ئەو مەبەستەش لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەگەڵ بەغدا هەیە".

له‌باره‌ى دابەشکردنی موچەشه‌وه‌ ڕێباز حەملان ئه‌وه‌شى وت، "کاری لەپێشینەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم لەسەرەتای دامەزراندنییەوە هەروەکو سەرۆک وەزیرانیش جەختی لەسەر کردۆتەوە، دابینکردنی موچە بوە، پاشان خزمەتگوزارییەکانی دیکە، ئەو ئاوەدانی‌و پڕۆژانەشی تائێستا لەهەرێم ئەنجامدراوە، بەداهاتی نەوت کراوە، دابەشکردنی موچەش بەردەوامدەبێت‌و لەگفتوگۆی بەردەوامیش دەبین لەگەڵ بەغدا بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ بەردەوامیدان بەفرۆشتنی نەوتی هەرێم تا پەسەندکردنی بودجەو پڕۆژەیاسای نەوت‌و غاز".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×