جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پشتڕاست دەکەنەوە و سەرجەم زانیارییەکانی راستن، دەشڵێت، حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم بە درێژایی حکومرانی نەیتوانیوە و نەیویستووە خزمەت بە خەڵک بکات.
جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردووە، باردودۆخی ئێستای کوردستان لە ھەموو ڕوویەکەوە لە پاشەکشەدایە و حکومەتی ھەرێمی ماوە بەسەرچووش بە درێژایی حوکـمڕانی خۆی نەیتوانیوە و نەیویستووە خزمەت بە ھاوڵاتیان بکات و گەیشتۆتە ئاستێک ھەمو کارێکی نابەجێ و نایاسایی و نادیموکراسیی پەیڕەو دەکات لە پێناو مانەوەی لە دەسەڵاتدا.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "وێڕای پشتیوانی تەواومان بۆ ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە پاشەکشەی دیموکراسی و ژیانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دەمانەوێت ئەوەش پشتڕاست بکەینەوە کە سەد لە سەدی زانیارییەکان راستن و هێشتا هەندێک بابەتی تری تایبەت بە ئازادی و سیستمی دادوەریی و بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان باس نەکراون.
نەوەی نوێ دەشڵێت، ئەم فشارانەی كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و لە پاڵیدا فشارى ناوخۆیی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێم بە باشە كاریگه‌ری له‌سه‌ر پڕۆسه‌ى به‌دیموكراسی بوونی هه‌رێمی كوردستان دروست ده‌كات و ئەو فشار و غەمخۆرییەی کۆمەڵگەی نيودەوڵەتی شایەنی پێزانینی زۆرە و بەهیوای چڕکردنەوەی زیاتری فشارەکان بۆ رزگارکردنی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی لە دیکتاتۆریەتێکی حەتمی داهاتوو و ئەگەر ئەم فشارانە چڕ نەکرێتەوە ئەوە مسۆگەر هه‌رێمی كوردستان له دیكتاتۆرییه‌تێکی حەتمی نزیك ده‌بێته‌وه.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێمی كوردستان له هه‌ردوو حزبی فه‌رمانڕه‌وا پارتى و یه‌كێتى بەتەواویی ڕێگرن له‌به‌رده‌م به‌ره‌وپێشچوونى پڕۆسه‌ى دیموكراسی و ئازادیی له هه‌رێمی كوردستان.
راشیگەیاند، هۆكارى سه‌ره‌كی شەلەلبوونی بنه‌ما دیموكراسیه‌كان له‌لایه‌ن پارتى و یه‌كێتیه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى پارتى و یه‌كێتى پێیانوایه له کاتی به‌هێزبوونی پڕۆسه‌ى دیموكراسی له هه‌رێمی كوردستان ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندییه ئابوریه‌كانیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و بەردەوام ڕێگرن له‌به‌رده‌م به‌ره‌وپێشچوونی پڕۆسه‌ى دیموكراسی لە هەرێم.
نەوەی نوێ لە راگەیاندراوەکەیدا کۆمەڵێک خاڵی لەبارەی سەرلماندنی نادیموکراسیبوونی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمەوە بڵاوکردووەتەوە کە بریتین لە:
١-دواخستنى هه‌ڵبژاردنه‌كان بەبێ هیچ بیانوویەکی یاسای و شەرعی.
٢-ده‌ستێوه‌ردان له كاروبارى دادگاكان و لاوازكردنى ده‌سه‌ڵاتی دادوەری و کۆنتڕۆڵکردنی تاوەکو ئاستی بێبەهاکردن.
٣-سنورداركردنى مافه مه‌ده‌نی و ئازادییه سیاسیه‌كان و سەرکوتکردنی دەنگ و رەنگی ئۆپۆزسیۆن.
٥-دەستگیرکردنی ڕۆژنامه‌نوسان و چالاکوانان.
٦-سەرکوتکردنی شێوازه‌كانى به‌شداریی سیاسیی بەنموونەی خۆپیشاندان وگردبوونه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌كان.
٧-بره‌ودان به كلتوره نادیموكراسیه‌كان له هه‌رێمی كوردستان بۆنموونە به‌حزبیكردنى ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی.
ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی ٢٠ی ٣ی ٢٠٢٣ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت دۆخی مافی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، پارتی و یەکێتی دەزگای ئەمنی تایبەتیان هەیە و بەکاریدەهێنن دژی ئەو کەسانەی ڕەخنەیان لێدەگرن.
لە راپۆڕتەکەدا لەسەر دۆخی ڕۆژنامەوانیش وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، پارتی و یەکێتی ڕێگانادەن ئەو میدیایانەی نزیک نەبن لە خۆیانەوە زانیاریان دەستبکەوێت.
لە راپۆرتەکەدا وەزارەتەکە بە وردی هەڵسەنگاندنی کردووە بۆ ئازادییە سیاسییەکان و دۆخی چالاکوانان و رۆژنامەنووسان لەژێر حوکمی پارتی و یەکێتیدا.
نووسیویشیەتی، ئێن ئاڕتی و بەشێک لە میدیاکان ڕێگریان لێکراوە ڕوماڵی ڕووداوەکان و خۆپیشاندانەکان بکەن.
دەشڵێت، دەستگیرکراوانی بادینان بە باشی مامەڵەیان لەگەڵ نەکراوە و بۆ ماوەیەکی درێژ رێگریان لێکراوە کەسوکار و پارێزەرەکانیان ببینن.
دۆخی زانکۆ و خوێندنیش یەکێکی دیکەیە لەو تەوەرانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گرنگیی تایبەتی پێداوە و باسی لەوە کردووە، سەرۆکی زانکۆ و ڕاگرەکان و بەرپرسانی دیکە، ئەگەر سەر بە حزبە دەسەڵاتدارەکان نەبن ناتوانن ئەو پۆستانە وەربگرن.
دوابەدوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم وەڵامی ئەو راپۆرتەی ئەمریکای دایەوە کە لەسەر رەوشی مافی مرۆڤ لە هەرێمدا نووسراوە و دەڵێت، ئەمریکا گوێ لە ئۆپۆزسیۆن دەگرێت لەبری ئەوان و راپۆرتەکە دوورە لە راستییەوە.