پارتی چەپی سەوز دەستی بە کەمپەینی هەڵبژاردن کرد
  2023-03-26       519       


پارتی چەپی سەوز کە هەدەپە لە رێگەیەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکان دەکات، دەستی بە کەمپەینی هەڵبژاردن کرد و هەدەپە و پارتی چەپی سەوز ٣٠ی ئازار راگەیەندراوی هەڵبژاردن بڵاودەکەنەوە. پارتی چەپی سەوز کەمپەینی هەڵبژاردنی خۆی بە دانانی ستاند لە گۆڕەپانی ئەسکەلەی ناوچەی کادکۆی ئەستەنبوڵ دەست پێکرد. هەرچەندە پۆلیسی تورکیا هەوڵیدا رێگری لێبکات، بەڵام بەهۆی یاساییبوونی کەمپەینەکە نەیانتوانی رێگری دروست بکەن.

ئاوێنه‌: موسا پیرئۆغلۆ پەرلەمانتاری هەدەپە لە ستاندەکەدا وتی، " بە داخستنی پارتەکان و دەستگیرکردنی پەرلەمانتار و هاوسەرۆکانمان ناتوانن رێگری لە تێکۆشانمان بکەن. هەدەپە، باڵەخانەیەک نییە، دابخرێت، بەڵکو هەدەپە گەلە، هەدەپە تێکۆشان و ئیرادەی گەلە."

پارتی چەپی سەوز و پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، لە ٣٠ی ئازاردا راگەیەندراوی هەڵبژاردن ئاشکرا دەکەن. بە واژۆی چیدەم ئوچار و ئیبراهیم ئاکن هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز، پەروین بوڵدان و میدحاد سانجار هاوسەرۆکانی گشتی هەدەپە، بانگهێشتنامە بۆ کۆنفڕانسی ئاشکرا کردنی راگەیەندراوی هەڵبژاردن بۆ پارتە سیاسیەکان، رێکخراوە مەدەنی و کارمەندان و کەسایەتیەکان نێردراوە.

لەلایەکی دیکەوە، ژمارەیەک کاندیدی پارتی چەپی سەوز ئاشکرا کران کە هەدەپە لە رێگەی ئەو پارتەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیدا دەکات.

ژمارەیەک کاندیدی پارتی چەپی سەوز ئەمانەن، ئوزتورک تورکدۆغان سەرۆکی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی تورکیا، حەسەن جەمال، نووسەری بەناوبانگی تورکیا، دیجلە ئانتەر کوڕی موسا ئانتەر کە لە ساڵانی نەوەتەکاندا لەلایەن هێزە تاریکەکانی دەوڵەتەوە کوژرا، فەرید شەنیاشار کە لە روحا پەرلەمانتارێکی ئاکەپە دوو برا و باوکی لەبەرچاوی ئەو و دایکی کوشت.

© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×