بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی: ئەمساڵ هەموو گەنمی جوتیاران وەردەگیردرێت
  2023-03-26       340       


نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، كاڵای زیادەی بەشە خۆراك لە چەند رۆژی داهاتوودا دابەش دەكرێت، هەروەها ئەمساڵ سەرجەم گەنمی جوتیاران وەردەگرن.

ئاوێنه‌: نەوزاد شێخ كامیل لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا وتویەتی، رۆژانی داهاتوو بەشە خۆراكی زیادی مانگی رەمەزان دابەش دەكرێت، جگە لە ماددە سەرەكییەكانی پێشوو، تەبەقێك هێلكە بۆ هەر خێزانێك، 5 كیلۆ ئاردی سفر، نیوكیلۆ ئاردی نیشاتە و كیلۆیەك شەعریە دەدرێتە هەر خێزانێك.

سەبارەت بە كواڵێتی كاڵاكان وتی، لە رابردوودا كوالێتیی كاڵاكان باش نەبوو بەڵام ئێستا گلەییەكان كەم بووەتەوە، 'ئێستا دۆشاوەكە لە جۆری ئاڵتونسایە كە لە هەرێمی كوردستان زۆربەی خەڵك هەر ئەم دۆشاوە بەكاردێنن، تەنیا برنجەكە كێشەی هەیە و گلەیی خەڵكیان گەیاندووەتە وەزارەتی بازرگانی عیراق.

سەبارەت بە گەنمی جوتیاران بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی باسی لەوە كردووە، بڕیاردراوە 500 ملیار دینار وەكو قۆناغی یەكەم بخرێتە سەر هەژماری بانكیی وەزارەتی بازرگانی كە لە وەرزی وەرگرتنی گەنم دەبێت لە ماوەی دوو هەفتەدا ئەو پارەیە بگاتە دەستی جوتیاران، ئەمساڵ هەرچی گەنمە لە هەرێمی كوردستان و عیراق لە جوتیاران وەردەگیرێت، عێراق ساڵانە پێویستی بە 5 ملیۆن تۆن گەنم هەیە لە هەرێمی كوردستانیش زیاتر لە 750 هەزار تۆن گەنم پێویستە، ئەگەر 5 ملیۆن گەنم لە جوتیاران وەربگیرێت، پێویست بە هاوردەكردنی گەنم ناكات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×