وه‌فدی‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ وه‌زیری‌ نه‌وتی‌ عێراق كۆبوه‌وه‌
  2023-03-26       595       

دوای‌ سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ به‌غدا، وه‌فدی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زیری‌ نه‌وتی‌ عێراق كۆبونه‌وه‌و به‌گوێره‌ی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوی‌ وه‌زاره‌تی‌ نه‌وت، له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا باسیان لەگرتنه‌به‌رو هەنگاوی‌ نوێ كردووه‌ بۆ هەناردەکردنی نەوتی‌ هەرێم. 

ئاوێنه‌: دوای‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ دادگای‌ ناوبژیوانی‌ سه‌ر به‌ژوری‌ بازرگانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ كه‌ باره‌گاكه‌ی‌ له‌پاریسی‌ پایته‌ختی‌ فه‌ره‌نسایه‌، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ وه‌فدێكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان گه‌یشته‌ به‌غداو له‌گه‌ڵ وه‌زیری‌ نه‌وتی‌ عێراق كۆبونه‌وه‌.

بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی نەوتی عێراق، حەیان عەبدولغەنی جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزەو وەزیری نەوتی عێراق ئەمڕۆ لەگەڵ وه‌فدی حکومەتی هەرێم کۆبوه‌وە کە وه‌فده‌كە پێكهاتبو لەکەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتیەکان بەوەکالەت، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، فارس عیسا نوێنەری حکومەتی هەرێم لەبەغدا.

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لەکۆبونەوەکەدا باس لەگرتنه‌به‌رو هەنگاوی‌ نوێ كراوه‌ بۆ هەناردەکردنی نەوت له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌، دوای‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ دادگای‌ ناوبژیوانی‌ سه‌ر به‌ژوری‌ بازرگانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ كه‌ باره‌گاكه‌ی‌ له‌پاریسی‌ پایته‌ختی‌ فه‌ره‌نسایه‌.

حکومەتی عێراق لەساڵی 2014 سکاڵایەکی لەدادگای ژوری بازرگانی نێودەوڵەتی دژ بەهەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە لەرێگەی بەندەری جیهانی تورکیاوە تۆمارکردو تێیدا تورکیای بەپێشێلکردنی رێککەوتنێکی ساڵی 1973ی نێوان ئەنقەرەو بەغدا تۆمەتبارکرد بەوەی رێگەی داوە لەهەرێمی کوردستانەوە نەوت بەبێ رەزامەندیی حکومەتی عێراق، هەناردەی دەرەوەی بکرێت.

24ی‌ ئه‌م مانگه‌ دادگاكه‌ له‌سودی‌ حكومه‌تی‌ عێراق‌و دژی‌ توركیا دوا بڕیاریدا، به‌وه‌ش دادگاكه‌ ئەنقەرە پابه‌ند ده‌كات به‌وه‌ی‌  له‌مه‌ودوا بەبێ رەزامەندی‌و مۆڵەت وەرگرتن لەحکومەتی عێراق، رێگە به‌هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم نه‌دات لەبەندەری جیهانەوە بەرەو بازاڕەکانی جیهان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×