دواى بڕیاره‌كه‌ى پاریس وه‌فدى هه‌رێم بۆ دوه‌مجار ده‌چێته‌وه‌ به‌غدا
  2023-03-28       1347       

فه‌رمانگه‌ى میدیاو زانیاریی ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم ئاشكرایده‌كات، ئه‌مڕۆ وه‌فده‌كه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم به‌سه‌رۆكایه‌تى وه‌زیرى دارایی جارێكى تر به‌ره‌و به‌غدا به‌ڕێده‌كه‌وێته‌وه‌.

ئاوێنە: به‌گوێره‌ى ڕاگه‌یه‌نراوێكى فه‌رمانگه‌ى میدیاو زانیاریی ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، ئه‌مڕۆ سێشەممە 28ى ئادار، وه‌فدێكى حکومەتی هەرێم بەسەرۆکایەتیی وەزیری دارایی‌و ئابوری سەردانی بەغدا دەکاتەوەو بەردەوامی بەدانوستاندنەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دەدات.

وه‌فده‌كه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم پێکهاتوە لەئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی كه‌ سەرۆکایەتیی وه‌فده‌كه‌ دەکات‌و هەریەک لەکەمال محەممەد وەزیری سامانە سرووشتییەکان بەوەکالەت‌و د.ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم له‌ئەندامانى وه‌فده‌كه‌ن.

ئەو وه‌فده‌ى حکومەتی هەرێم ده‌چێته‌ بەغداو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق گفتوگۆ لەسەر پرسی نەوت دەکات‌و درێژە بەدانوستاندنەکان دەدەن بەئامانجی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان‌و بڕیاریشە چەند کۆبونەوەیەک لەسەر ئاستی باڵا ئەنجامبدرێت.

چونه‌وه‌ى وه‌فدى هه‌رێم بۆ به‌غدا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسی ڕێوشوێنەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم كە لەدوای بڕیارەكەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لەپاریس گواستنەوەی نەوتی هەرێم ڕاگیرا.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، ڕۆژی 25ى ئه‌م مانگه‌، گواستنەوەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی توركی ڕاگیراوە، دوو ڕۆژ پێش ئێستاش وەفدی حكومەتی هەرێم چوه‌ بەغداو لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق كۆبونەوەى ئه‌نجامدا.

سه‌رچاوه‌كانى هه‌واڵ باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، لەیەكەم كۆبونەوەی دوای بڕیارەكەی دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتی لەپاریس، وەزیری نەوتی عێراق پێشنیازەكانی وەفدی حكومەتی هەرێمی ڕەتكردبۆوه‌و ئێستا حكومەتی فیدراڵ بەگوێره‌ى ڕێككەوتنی بودجە مامەڵە لەگەڵ هەرێم ناكات‌و داوای ڕادەستكردنی نەوتی هەرێم دەكات بەكۆمپانیای سۆمۆ، سەرباری ئەوه‌ش جەخت  لەسەر جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی دەكات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×