بەگوێرەی بەگوێرەی ئاژانسی فەرمیی ڕۆژنامەوانی سعودیە (SPA)، فەیسەڵ بن فەرحانی وەزیری دەرەوەی سعودیە لەمیانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیانی هاوتا ئێرانییەکەی، ڕێککەوتوە کە لەمانگی ڕەمەزاندا کۆبونەوەیەک ئەنجامبدەن.
ئاوێنە: ئاژانسە سعودییەکە ئاشکرایکردوە، لەمیانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا کۆمەڵێک پرسی هاوبەش لەژێر ڕۆشنایی ئەو ڕێککەوتنە سێ قۆڵییەی کە لەژێر چاودێریی کۆماری گەلی چین واژۆکرا، تاووتوێکراوە.
لای خۆیشییەوە، وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لەهەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاویکردەوە، لەلایەن ئەمیر عەبدوڵڵاهیانی وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بۆ هاوتا سعودییەکەی کردوە.
لەماوەی ڕابردودا، تارانو ڕیاز بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوەو بەگوێرهى ئەو بەیاننامەیە، ڕێککەوتون لەسەرئەوەی "پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانیان دەستپێبکەنەوەو ئەوپەڕی لەماوەی دوو مانگدا باڵیۆزخانەکانیان بکەنەوە".
هەروەک بڕیاریاندا وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەو ڕێکخستنە پێویستەکان بۆ ئاڵوگۆڕی باڵیۆزەکان کۆببنەوە.
بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە، هەردوو وڵات پابەندی خۆیان بۆ ڕێزگرتن لەسەروەریو دەستوەرنەدان لەکاروباری ناوخۆی یەکتر دوپاتکردەوە، هەروەک ڕێککەوتون لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانی پێشوی بواری هاوکاریی.
پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی تارانو ڕیاز نزیکەی حهوت ساڵ لەمەوبەرەوە پچڕاوە، ئەویش دوای هێرشکردنەسەر ناوەندە دیبلۆماسییەکانی سعودییە لەهەردوو شاری تارانو مەشهەد.