دادگا‌ی فیدڕاڵیی عێراق بڕیاردانی له‌باره‌ی سكاڵایه‌ك له‌ دژی هه‌رێم دواخست
  2023-03-28       744       

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری دواخستنی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی تایبەت بە سکاڵایەک لە دژی هەرێمی کوردستانی دا، کە تێیدا سکاڵاکار داوای پارەی 18 ساڵی کۆبۆنی خۆراک دەکات.

ئاوێنە: بەپێی کۆبونەوەکانی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیار بو ئەمڕۆ سێشەممە، دادگاکە لەبارەی سکاڵایەک بۆ پابەندکردنی هەرێمی کوردستان بە پێدانی پارەی فرۆشتنی یەکەکانی کۆبۆنی خۆراک لە ماوەی 01-01-2004 تاوەکو 30-09-2021 کۆببێتەوە، بەڵام دادگاکە کۆبونەوەکەی بۆ رۆژی 16ـی مانگی نیسانی ئەمساڵ دواخست.

بەم دواخستنەوەە ئەوەش شەشەم جارە سكاڵاكە دوادەخرێت و تێیدا سکاڵاکار داوای پارەی 18 ساڵی فرۆشتنی یەکەکانی خۆراک لەلایەن بریکارەکانی خۆراکەوە لە هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان پێیوایە سکاڵاکە "ئەنجامی نابێت."

نەوزاد کامیل، بەڕێوەبەرى گشتیى وەزارەتى بازرگانیى هەرێمى کوردستان بە روداوى راگەیاند"پارێزەرەکانمان ئامادەى ئەو دانیشتنەى دادگە نابن و داوامان لێکردون سکاڵاکە بکشێننەوە، ئەوانە پێمان دەڵێن دوایدەخەین، پێویستە لەسەر ئاستى لیژنەى باڵا کۆبونەوە لەو بارەیەوە بکرێت."

نەوزاد کامیل ئاماژەى بەوەشدا، لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ وەزارەتى بازرگانیی عێراق جێبەجێکردوە، کە ماوەى سێ مانگى بۆ دیاریکرابو بۆ گەڕاندنەوەى پارەى بەشەخۆراکى مانگانە.

سکاڵاکە لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی خۆراکی عێراقەوە لەسەر هەریەک لە کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان و نەوزاد کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی ئەو وەزارەتە تۆمارکراوە. بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستانیش وتی، رێککەوتنیان لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق کردوە و رێککەوتنەکە جێبەجێ دەکرێت، ئەو دۆسیەیە بەردەوام دوادەخرێت، چونکە کێشەکە چارەسەر کراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×