"لەدو رۆژی داهاتودا هەناردەی نەوتی کوردستان دەستپێدەکاتەوە"
  2023-04-16       727       


ئه‌ندامێكی‌ لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ڵێت، محەمەد شیاع سودانی لەکۆبونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاندووە کە ئەمڕۆ یان سبەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم لەرێگای توركیاوه‌ دەستپێدەکاتەوە.

ئاوێنه‌: جه‌مال كۆچه‌ر، ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌لێدوانێكی‌ ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاندووه‌، محه‌مەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەکۆبونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاندووە کە ئەمڕۆ یان سبەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم لە رێگای توركیاوه‌ دەستپێدەکاتەوە.

رۆژی ٢٥ی مانگی ئادار، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکوک دوای بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی پاریس راگیرا، دەستەکە بڕیاری لەبەرژەوەندیی عێراق داو لەسەر بنەمای ئەو بڕیارە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیرا.

لەبارەی چارەنوسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، كه‌ زیاتر له‌سێ هەفتەیە هه‌نارده‌ی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم راگیراوەو دابه‌شكردنی‌ موچه‌ زیاتر پشت به‌داهاتی‌ نه‌وت ده‌به‌ستێت، جەمال کۆچەر ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، "پێویسته‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌و كێشه‌یە چاره‌ بكات، چونكه‌ ئەم پرسه‌ په‌یوه‌یسته‌ به‌هه‌رێمه‌وه‌ نه‌وه‌كو حكومه‌تی‌ عێراقه‌وه‌".

به‌ڵام شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ڕایگه‌یاند، لەهەفتەی داهاتودا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە بڕیار لەسەر ناردنی ئەو برە پارەیە دەدرێت کە بڕیارە بەگوێرەی رێککەوتنەکەی نێوان هەرێم و بەغدا بنێردرێت بۆ هەرێم.

پێش بڕیارەکەی دادگای پاریس، رۆژانە ٤٤٥ هەزار بەرمیل نەوت لەهەرێمی کوردستان و عێراقەوە هه‌نارده‌ی‌ تورکیا ده‌كرا کە ٣٧٠ هەزار بەرمیلی لە هەرێمی کوردستان و ٧٥ هەزار بەرمیلەکەی دیکەش نەوتی کەرکوک بوو.

هاوكات بڕیارە ئەمشەو دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ خوێندنەوەی دووەمی پڕۆژەیاسای بودجە بەڕێوەبچێت‌و دوێنێ شه‌ممه‌ش ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و لیژنەی دارایی پەرلەمان لە کۆبونەوەیەکدا گفتگۆیان لەسەر ئەو پرۆسەیە کردووە.

سه‌باره‌ت به‌پەسەندکردنی پرۆژه‌ یاسای‌ بودجەی‌ گشتیی‌ عێراق، جه‌مال كۆچه‌ر ڕایگه‌یاندووه‌، دانوستاندن له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاسایی‌ بودجه‌ی‌ گشتیی‌ عێراق له‌په‌رله‌مانه‌وه‌ زۆر ده‌خایه‌نێت و مانگێك دوای جه‌ژنی‌ ره‌مه‌زانی پێویسته‌ تاوه‌كو بخرێتە ده‌نگدانی‌ ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق.

٦ی‌ نیسانی‌ ٢٠٢٣، ‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق خوێندنەوەی‌ یەکەمی‌ بۆ پڕۆژەیاسای‌ بودجەی‌ گشتیی‌ عێراق ئەنجامدا کە بڕی‌ پارەکەی‌ زیاتر لە ١٩٩ ترلیۆن دیناره‌و بۆ ماوەی‌ سێ ساڵە.

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ مستەفا سەنەد، پەرلەمانتاری سەربەخۆی عێراق بەناوەندی هەواڵی نیشتیمانی عێراقی راگەیاندووه‌، پشکی هەرێم لەبودجەی عێراق لە ١٦ ترلیۆنەوە بۆ ٢١ ترلیۆن دینار زیادەکرێت.

ئاماژەی بەوەشداوه‌، جگە لەوەش شایستەی دارایی زیاتر بۆ هەرێم دابین دەکرێت و تێچوی دەرهێنان و هەناردەی نەوتیش دەنێردرێت و موچەی پێشمەرگە هەژمار دەکرێت و لیوای ٢٠ دەگوازرێتەوە و قەرزەکانی بانکی بازرگانی عێراق دەدرێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×