دانیشتنی پەرلەمانی عێراق تایبه‌ت به‌پرۆژەیاسای بودجە دەستپێده‌كاتەوە
  2023-04-17       543       


بڕیارە دوای نیوەڕۆی ئه‌مڕۆ دوشەممە، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق تایبه‌ت به‌پرۆژەیاسای بودجە دەستپێده‌كاتەوە، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ شه‌وی‌ ڕابردو خوێندنه‌وه‌ی‌ دووه‌م بۆ پرۆژەیاسای بودجە ئه‌نجامدراو دانیشتنه‌كه‌ بەکراوەیی هەڵگیرا.

ئاوێنه‌: بەئامادەبوونی 198 پەرلەمانتار دانیشتنی ژمارە 20ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەسەرۆکایەتی محەممەد حەلبوسی و ئامادەبونی هەردو جێگرەکەی لەدرەنگانی شەوی ڕابردو بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بودجەی‌ ساڵه‌كانی‌ 2023، 2024 و 2025 به‌ڕێوه‌چو.

سەرەتای‌ دانیشتنه‌كه‌، لیژنەی دارایی راپۆرتی خۆی لەبارەی پرۆژەیاساکە خوێندەوە. دواتر راپۆرتی هەردوو لیژنەی پلانی ستراتیژی و ئابووریی لەبارەی هەمان پرۆژەیاسا خوێندرایەوە. دواتر سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەرگای گفتوگۆی بۆ قسەکردن لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەوە کردەوە. 

شیروان دوبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق له‌باره‌ی‌ دانیشتنه‌كه‌وه‌ رایگەیاند، دوای ئەوەی ژمارەیەک پەرلەمانتار قسەیان کرد، دانیشتنی پەرلەمان هەڵگیرا، 
 
وتیشی‌، بڕیاره‌ دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە دانیشتنەکە دەستپێبکاتەوە. 

قەبارەی بودجەی‌ 2023ی‌ عێراق بەگشتی زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە، لەو بڕەش پشکی هەرێمی کوردستان %12.67ـە، هەروەها کورتهێنان لەبودجە 63 ترلیۆن دینارە، تێکڕای داهاتی عێراق 134 ترلیۆن دینارە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×