هۆشیاری سایبەر و خۆپارێزی هێرشی ئەلیکترۆنی
  2023-04-27       1371       

دیار سعدی

 

لە جیهانی ئەمڕۆماندا بەشێکی زۆری کارەکانی ڕۆژانەمان لە ڕێگەی مۆبایلەکانمانەوە بەڕێوەدەچێت؛ پەیوەندیەکانمان ، ئاڵ و گۆڕی دراو ، کڕین و فرۆشتن ، تەنانەت نزیکبوونەوە و نوێکردنەوەی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانیش لە جیهانی ئەمڕۆدا بەرەو دیجیتاڵی چووە . لەگەڵ هەموو ئەم ئاسانکاریانەشدا بۆ ژیانی مرۆڤ و ڕاییکردنی کارەکانی لە ماوەیەکی کورت خایەندا بەڵام زیانیشی بەدوای خۆیدا هێناوە لە ڕابردوودا دزەکان شەوان بەسەر ماڵی ئینسانەکانی دەدا لێ لە ئێستادا دزەکان لەنێو مۆبایڵەکانماندان لە هەموو کەسێک زیاتر لێمانەوە نزیکن ئەم دزانەی لێمانەوە نزیکن هەر لەنێو مۆبایلەکانمانن بەچەند شێوەیەک دزی لە ئێمەی بەکارهێنەر دەکەن ، هەندێکیان لە ڕێگەی ژمارە مۆبایلەکانمانەوە ، هەندێکیان لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمانەوە ، هەندێکشیان لە ڕێگەی ئەو پۆستانەی ڕۆژانە دەیانکەین و پیشانی هاوڕێکانمانی دەدەین لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا ئەم دزە نوێیە جیاوازی ناکات لەنێوان گەورە و منداڵ ، ژن و پیاو ئەوەی تەنها جەختی لەسەر دەکاتەوە جۆری ئەو زانیاریانەیە کە بەدەستی دەهێنێت سروشتی ژیان بەم شێوەیە هەموو شتێک دژیەکێکی هەیە باش – خراپ کەواتە چی بکەین بۆ ئەوەی ئێمە ڕێگە نەدەین دزەکە دزیمان لێ بکات تەنانەت کاتێک لەنێو ماڵ و گریفانیشماندا بوو ؟! دەرمانی ئەم دەردە پێی دەگوترێت سایبەر ئەوەیرنێس { هۆشیاری سایبەری } هۆشیاری سایبەریە بریتیە لە هۆشیاری تاک سەبارەت بە بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی ، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ، تەنانەت مامەڵەکردن لەگەڵ دونیای فیزیکیشدا . چونکوم لە دونیای فیزیکیشدا مێشک و سایکۆڵۆجی ئینسانەکان ڕووبەڕووی ئیستیغلالبوون دەبێتەوە وە نابێت ئەم لایەنەش فەرامۆش بکرێت . هۆشیاری سایبەری دەکرێت ڤاکسینێک بێت ماوەیەکی درێژ بتوانێت ڕێگری لە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەکە بدات بۆ نێو ئامێرەکانمان بەڵام چۆن ؛ یاسای بزانە چۆن کار دەکات ، بۆ ئەوەی بزانیت چۆن ڕایدەگریت . بەکاربهێنە لێرەدا کۆمەڵە ڕێگەیەک باس دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین ڕێگری بکەین لە هێرشی سایبەری بۆ سەر خۆمان و خێزان و کەمپانیاکانمان

 

هێرشی سایبەری چییە ؟  

هێرشی سایبەری بریتیە لە هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر ئامێرێکی ئەلیکترۆنی هەم بە شێوازی فیزیکی و دیجیتاڵی بۆ گەیشتن بە ئامانجێک دیاریکراو نمونە : بەدەستهێنانی زانیاری . لە جیهانی ئەمڕۆدا بۆ گەیشتن بە زانیاریەکانی تاک بە شێوەیەکی گشتی مۆبایلەکان دەکرێن بە ئامانج چونکوم زۆرترین ڕێژەی بەکارهێنانیان هەیە لەنێو تاکەکانی کۆمەڵگەدا بەشێوەیەکی کەمتر کامپیوتەر بە ئامانج دەگیرێت لە جیهانی ئەمڕۆدا .

جۆرەکانی هێرشی سایبەری ؟ \ لە دونیای هێرشەکانی سایبەریدا دابەش دەبێت بۆ دوو جۆر هێرش جۆری یەکەمیان هێرشی دیجیتاڵیە کە پشت دەبەستێت بە ناردنی مالوەیر ( ڤایرۆس ) ، بەستەر ( لینک ) . دووەمیان فیزیکیە کە پشت دەبەستێت بە کۆنێکتکردنی یو ئێس بی دڕایڤ ( فلاش میمۆری ) بە کامپیوتەر یانیش مۆبایل بۆ دزەکردنی دەیتا چەندین جۆری یو ئێس بی زیانبەخش هەیە کە دەکرێت هەر یەکێکیان بۆ ئامانجێکی دیاریکراو بەکاربهێنرێن .

چەند جۆرێکی تری هێرش هەن دەکرێت قوربانی زۆری لێبکەوێتەوە و بەڵام هەستی پێ نەکەین :

١- سکام : بریتیە لە ناردنی پەڕەیەکی ساختە بە شێوەی ئیمەیڵ یانیش مێسنجەر زیاتر جەخت لەسەر لەدەستدانی هەژمارە ( حیساب ، ئەکاونت ) دەکاتەوە یانیش بەدەستهێنانی پارە .

٢- کۆدی گەڕاندنەوەی وشەی نهێنی ( پاسسوۆرد ) : بریتیە لە فێڵێک هێرشبەران بەکاریدەهێنن بۆ نوێکردنەوەی پاسۆوردی کەسی بە ئامانج گیراو بە شێوەیەک پەیوەندیەک دەکەن بۆ کەسی قوربانی دەڵێن : تۆ بوویتە براوەی ١٠٠٠ دۆلار تکایە ئەم کۆدەی گەڕاوەتەوە بۆت بینێرەوە بۆمان تاوەکوو پارەکەت بۆ بنێرین .

٣- زیادکردنی ڵایک و فۆڵۆو : بریتیە لە فێڵێکی هێرشبەر بۆ زیادکردنی ڵایک و فۆڵۆو هێرشبەر هەڵدەستێت بە دروستکردنی وێب سایتێک کە تیایدا بینەر و ڵایک و فۆڵۆوی ساختە دەفرۆشێتەوە و پێویستی بە تۆماربوونی هەژمارەکەی تۆیە .!

٤- یارمەتی : بریتیە لە تەکنیکێکی نوێی هێرشبەر بەکاردەهێنرێت کاتێک دەزانیت تۆ ڕووبەڕووی کێشەیەک بوویتەوە ، لە بەرانبەریدا داوا دەکات تێپەڕوشە ( پاسوۆرد ، ڕەمز ) و پۆستی ئەلیکترۆنی ( ئیمەیڵ ) بدەیت بە کەسی بەرانبەر تاوەکوو یارمەتیت بدات .!

 

هێرشی دونیای فیزیکی 

١- لکاندنی فلاش : بریتیە لەو هێرشەی بەکاردەهێنرێت بۆ دزینی دەیتا و دابەزاندنی ڤایرۆس بۆ نێو کامپیوتەرەکەت لە ڕێگەی لکاندنی فلاشەوە . هەندێککات هێرشبەر ئەم تەکنیکە بۆ کۆپی کردن و ناردنی فایل بەکاردەهێنێت .

٢- کەیبڵ : بریتیە لەو هێرشەی کێبڵێکی جیاواز بەکاردەهێنرێت بۆ دزین و چاودێری خستنە سەر نێتوۆرک یانیش دزینی دەیتاکانی سەر کامپیوتەر .

ناسینەوەی ئەم جۆرە هێرشە باوانە هۆکارێک دەبێت بۆ ئەوەی بتوانیت خۆت بەدوور بگریت لە بوون بە قوربانی هێرشە ئەلیکترۆنیەکان . ڕۆژانە چەندین تەکنیک و ڕێگای نوێ دەدۆزرێتەوە بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئەلیکترۆنی بەڵام لە بەرانبەریدا چەندین ڕێگای نوێ دەدۆزرێتەوە بۆ شکاندن و ڕێنمایی کردنی بەکارهێنەران لە پاراستنیان بەرانبەر ئەم جۆرە هێرشە نوێیانەی سایبەری کە دەکرێت دەروون و ژیانی چەندین خێزان بەرەو هەڵدێر ببەن بەبێ گوێدانە یاسا و ویژدان و مرۆڤایەتی ، لە هۆشیاری سایبەریدا پێویستە ئاگاداری لایەنی سایکۆلۆجیشمان بین بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئیستیغلال بوون نەبینەوە ، لە جیهانی نوێدا جەنگی سایکۆلۆجیش بۆتە بەشێک لە جەنگی سایبەری .

سایبەر سایکۆلۆجی \ گومان لەوەدا نییە کە سایکۆلۆجی ڕۆڵێکی تەواوگرنگی هەیە لە بەڕێوەچینی ڕۆتینی ژیانی مرۆڤەکان کاتێک کەسێک لە ژیانێکدا بێت تەواو پێداویستیەکانی فەراهەم کرابێت بەڵام لە ڕووی سایکۆلۆجیەوە نا ئارام بێت ئەوا وەک کورد گوتەنی { تورێکی قوڕاوی ناهێنێ } . هێرشبەرانی سایبەر تەنها کامپیوتەرەکانیان نەکردۆتە ئامانج بۆ ئەوەی دزە بکەن بۆ نێو زانیاریەکانی کەسی بەکارهێنەر ، کامپانیەک ، ڕێکخراوێک ، دەوڵەتێک ، گروپێک . بەڵکو لە ئێستادا لایەنی سایکۆلۆجی ئینسانیشی بە ئامانج گرتووە ! لەسەر بەکارهێنەر پێویستە بزانێت کاردانەوەکانە سایکۆلۆجیەکانی چی دەبن لە کاتی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا چونکوم وەک چۆن ژیان ئاوێنەدانەوەی بیرکردنەوەکانی ئێمەن بەهەمان شێوە لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتیاکاندا لەنێو دونیای دیجیتاڵیدا ئەو پۆستانەی دەیانبینین ئەو وتارانەی دەیانخوێنینەوە هەمان کاردانەوە و وێنەدانەوەی بیرکردنەوەکانی ئێمە نیشان دەدەن ئیدی هێرشبەران ئەم وێنەدانەوەی سایکۆلۆجیە دەقۆزنەوە و لە مەرامی خۆیان بەکاریدەهێنن تاوەکوو زانیاری زیاتر و نێچیری زیاتر کۆبکەنەوە لە بەرانبەریشدا زەرەر مەندێکی زۆر بگەیەنن بە ئابوری گروپ و ڕێکخراو و دەوڵەت و تاک و کەمپانیایەک . لە ئینساندا چەند خاڵێک هەیە پێویستە ئاگاداری ببین وەک هۆشیاری سایبەری تاوەکوو بە ئامانج نەگیرێین و وەک چۆن هەوڵ دەدەین خۆمان و هەژمارەکانمان بپارێزین بەهەمان شێوە دەبێت هەوڵبدەین لە ڕێگەی هۆشیاری سایبەریەوە ئێمە سایکۆلۆجی خۆشمان بپارێزین تاوەکوو ڕووبەڕووی ئیستیغلالبوون ( ئێکسپلۆیتبوون ) نەبینیوە چونکوم کاتێک کەسی هێرشبەر لە دونیای دیجیتاڵی هیچ چەکێک و زانیاریەکی بەدەستەوە نەما ئەوا ناچار ڕوودەکاتە نێو دونیای فیزیکی و خاڵە لاوازەکانی مرۆڤ دەقۆزێتەوە و ئیدی هەندێکجار کە بۆی لوا زانیاری و دەیتاکان وەکو کانی بۆی دەڕژێن و کەسی قوربانیش ئاگای لە مەحمودی بێ زەواد نییە . چەندە پاراستنی دەیتاکانمان و هۆشیاریمان سەبارەت بە دونیای دیجیتاڵی و فیزیکی گرنگە . ئەوەندەش گرنگیدان بە هۆشیاری لایەنی سایکۆلۆجیمان گرنگە هێرشبەران کار لەسەر خاڵە لاوازی سیستەمەکان دەکەن چ سیستەمی سایکۆلۆجی بێت ، چ لاوازی نێتوۆرکێک یانیش هەژمارەیەک بێت . ئەوەی گرنگە لەلای ئەوان بەدەستهێنانی زانیاریاکانە.

کەلێنەکانی سایکۆلۆجی ئینسان \ چەند کەلێنێک هەن لە سایکۆلۆجی ئینسانەکاندا خاڵ بە خاڵ باسیان لێوە دەکەین تاوەکوو بتوانین بە باشترین شێوە خۆمان بپارێزین .

 

هاڵۆ ئیفێکت : کاتێک کەسێک ، کەسێکی دیکە لە وێنەیەکدا دەبینێت بەپێی وێنەکەی لێکدانەوەی بۆ دەکات کاتێک لە وێنەکەدا کەسێکی باش دەربکەوێت ئیدی لەلای وایە ئەم کەسە بەتەواوەتی کەسێکی باشە وەک چۆن لە فیلمێکدا کاتێک کەسێکی خراپەکارمان دەبینی وامان دەزانی لە ژیانی ڕاستەقینەشدا بەهەمان شێوە خراپن .

ئۆمپتمستیک بیاس : کەسانێکن وا هەست دەکەن بەهۆی زۆری گەشبینی و ئەرێنی بوونیانەوە ئەوان کەمتر ڕووبەڕووی گرفتەکان و لایەنی نەرێنی ژیان دەبنەوە ئەمەش خاڵێکی تەواو لاوازە چونکوم لە کاتی ناسینی کەسێکی بێگانەش کە بۆ زیانی ئەوان هاتبێت وا دەزانن کەسێکی باشە و بۆ سوودی ئەوان هاتووە .

ئۆسترەچ ئیفێکت : کەسانێن کە دەڵێن شیعاری { چۆن هاتووە با وابڕوات } بەتەواوەتی پڕ بە پێستیانە چونکوم ئەوان کاتێک کێشەیەک دێتە ڕێگەیان بیرکردنەوەیان بە شێوەیەکە دەڵێن بۆخۆی چاک دەبێت بەبێ گوێدانە ئەوەی ئەم مەترسیە و کێشەیە کاریگەری تەواو لەسەر ژیان و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان دروست بکات .

متمانە سروشتیە : متمانە ڕاستە لە سروشتی ئینسانەکاندا هەیە بەڵام لە زۆربەی کاتەکاندا دەکرێت وەک ئامرازێک لە دژی خۆت بەکاربهێنرێتەوە کاتێک متمانەت بە کەسێک کرد ئەوا تەواوی زانیاریەکانتی بۆ باس دەکەیت هێرشبەر لەم جۆرەیاندا هەوڵی دروستکردنی متمانەیەکی ماوە درێژ دەدا بە خۆ نزیک کردنەوە و یارمەتیدان تاوەکوو زانیاری زیاتری دەست بکەوێت هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە بزانە متمانە بەکێ دەکەیت و متمانەیی لەگەڵ کێ دروست دەکەیت .

هەست : لە زۆربەی هێرشەکاندا هێرشبەر هەڵدەستێت بە قۆستنەوەی خاڵێکی گرنگی لاوازی کەسی قوربانی ئەویش بریتیە لە پێدانی هەست وەکو هەستی خۆشەویستی بۆیە لەیەک کاتدا متمانەش بەدەست بهێنێ بە کورتی بەیەک بەردی دوو چوێلەکان بکوژێ ! زیاتر ئەم هێرشە پێچەوانەیە لە نێرەوە بۆ مێ ، لە مێوە بۆ نێر . پێویستە بەتەواوەتی ئاگاداری ئەوە بیت کە کێ پەیوەندیت لەگەڵ دروست دەکات بەهیچ شێوەیەک ڕێگە مەدە بزانرێت کە تۆ فەراغێکی هەستیت هەیە هەم لە دونیای فیزیکی و هەمیش لە دونیای دیجیتاڵید ، هەرگیز پۆستێک یانیش وێنەیەک شەیرمەکە دەلالەت لە فەراغی هەستی تۆ بکات .

گرنگی پێدان : هێرشێکە زیاتر بڵێم لە خێزانە خودا پێداوەکان زیاتر باوە و زیاتریش ئەوان دەکرێن بە ئامانج ، چونکوم دەکرێت بەهۆی سەرقاڵ بوون بە کارکردن و بازرگانیەوە سەرۆکی ماڵ چ دایک ، چ باوک کاتی پێویستیان نەبێت بۆ گرنگی پێدان و پێدانی هەست و سۆز بە منداڵەکانیان ئەمەش سەر دەکێشێت بۆ ئەوەی کەسانێک کە نیەتی ڕاستەقینەیان خراپە بێن ئەم فەراغە پڕ بکەنەوە تاوەکوو دەگەن بە ئامانجی سەرەکی خۆیان پاشانیش شوێنەکە بەجێدەهێڵن و فەراغێکی شکاوی دەروونی و هەندێک جاریش جەستەیی بەجێدەهێڵن .

یارمەتیدان و چاکەخوازی : هێرشێکە کەسی هێرشبەر هەمیشە بە دڵێکی گەورەوە یارمەتی کەسی بەرانبەر دەدا بەبێ بەرانبەر و بەبێ گوتنی نا نەخێر ئێستا کاتێکی گونجاو نییە ئەمەش تەنها زیاتر نزیک بوونەوە لە خێزان ، کۆمەڵگا ، کەمپانیا ، تاک . تاوەکوو متمانە بەدەست بهێنێت و پاشانیش زانیاریەکانی خۆی بەدەست بهێنێت ئاگاداربە مەرج نییە ئەوەی جارێک دوو جار یارمەتی دایت مەبەستی چاکەکردن بووبێت لەگەڵ تۆ یانیش ئاسانکاری تۆ بووبێت لەم کارەدا بەڵکو دەکرێت وەکو مارێک بە قسەی خۆش لە کونێت بێنێتە دەرێ و ئیدی بە ئاسانی جارێکی تر نەچیتەوە ژوورێ .

ئەم چەند خاڵانەی باسمان لێوەکردن مشتێکن لە خەرمانێک لە هۆشیاری سایبەریدا ( هۆشیاری هێرشە ئەلیکترۆنیەکان ) بەڵام دڵنیام سوودێکی تەواو دەگەیێنێت بە چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگا هەروەها بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان چونکوم زیاتر ئەوەندەی ئینسانەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا دەکرێن بە ئامانج لە ژیانی ڕاستەقینەدا ناکرێن بە ئامانج بەهۆکاری بوونی نامە و وێنە لە نێو مۆبایلەکانماندا یانیش چەندین زانیاری گرنگ و هەستیار لەنێو ئیمەیڵەکانمان و هەورەکانی زەخیرە کردنی دەیتا وەکو گوگڵ درایڤ و مێگا و هتد . چەندە هۆشیاریمان هەبێت سەبارەت بە جۆریەتی و چۆنیەتی هێرشە سایبەرەکان ئەوەندە دەتوانین ڕێگا و دەرچەی نوێ بدۆزینەوە تاوەکوو خۆمان بپارێزین لە هێرشە ئەلیکترۆنیەکان . ڕۆژانە چەندین کێشە ڕوودەدەن بەهۆی نەبوونی هۆشیاری لە خۆپارێزی هێرشە ئەلیکترۆنیەکان و نەبوونی هۆشیاری سایبەری . خوێندنەوەی بابەتی هاوشێوە و گەڕان بەدوای نوێترین ڕێگا و تەکنیکەکانی خۆپارێزی لەم جۆرە هێرشانە دەکرێت بەشێوەیەکی باش ڕێگری بکات لە دزەکردنی دەیتاکانمان و زیان بە کەمپانیا و ڕێکخراو و گروپەکانمان . لە دونیای ئەلیکترۆنی وشەیەک نییە بەناوی گرەنتی سەلامەتی دەیتاکان . بەڵکو تەنها دەرچوون هەیە لە هێرشەکان بە کەمترین زەرەر . دەکرێت سیستەمێک ماوەیەکی باش بەرگەی زیاندمەند نەبوون بگرێت بەڵام لە کۆتایدا هەر زیانمەند دەبێت . بەڵام ئەمەش مانای ئەوەنییە کە ئێمە زیانمەند دەبین و خۆمان بەدەستەوە بدەین لەبەرانبەر ئەم هێرشە سایبەریانەدا بەڵکو دەبێت باشترین هەوڵی خۆمان بدەین تاوەکوو بە کەمترین شێوە یاخوود بە کەمترین زیان دەربچین لەم هێرشە سایبەریانەدا ئەمەش بە بوونی هۆشیاری سایبەری زیاتر ، خولی زیاتر ، ڕاهێنان و خوێندنەوەی زیاتر لەسەر هێرشەکانی سایبەری و ڕێگاکانی خۆپاراستن و هۆشیاری سایبەری . بەهیوای ئەوەم ئەم وتارەم فەراغێکی بچوکی پڕکردبێتەوە لەنێو زانستی سایبەری کوردیدا چونکوم بەداخەوەم سەرچاوەی دەوڵەمەند زۆر کەمە لە بابەتی هۆشیاری سایبەریدا بە زوبانی کوردی . بەهیوای پارێزراوی هەر هەموومان بەبێ جیاوازی ئاین و زمان و کلتور و ڕەگەز . بەسەلامەتی بژین و بەسەلامەتی بمێننەوە لەنێو ئەم جیهانە دیجیتاڵی و فیزیکە ئاڵۆزەدا .

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×