پەرلەمانتارێک: رێکارەکانی پەسەندکردنی بودجە 20 رۆژی دیکە تەواو دەبن
  2023-04-29       770       

ئومێد محەمەد، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دوای تەواوبونی راپۆرتی لیژنەی دارایی، پەرلەمان بودجە پەسەند دەکات و رەنگە 20 تا 22 رۆژی بوێت.

ئاوێنە: ئومێد محەمەد، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ هەر کاتێک پڕۆژەیاسای بودجە بێتە ناو پەرلەمان پشو نامێنێت و پەرلەمان بۆ پەسەندکردنی بودجە پشو هەڵدەوەشێنێتەوەو دەبێت کۆببێتەوە.

سەبارەت بە پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران ئومێد محەمەد وتی، "نەوەی نوێ توانی ئەم بابەتە زیندوبکاتەوەو واژۆی بۆ کۆکردوەتەوە، داوامان کردوە مانگانە بە رێژەیەک حکومەتی ماوەبەسەرچوی هەرێم پابەندبێت پێوەی".

ئومێد محەمەد وتیشی، "دوای رێککەوتن، حکومەتی ماوەبەسەرچوی هەرێم دەبێت پێشینەی خانوبەرەو هاوسەرگیری بگەڕێنێتەوە، ئەگەر ئەوە نەکرێت ئەوە دزییەکانی حکومەتی ماوەبەسەرچو وەک رۆژی روناک دەردەکەون"، ئاماژەی بەوەشکرد، دوای تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجە هەرێم دەبوژێتەوە و مانگانە زیاتر لە ترلیۆنێک دینار دێت و هیچ بیانویەک بۆ حکومەت نەماوەتەوە و دەبێت ئەو پارەیە بخرێتە خزمەتی هاوڵاتیانەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای پڕۆژە یاسای بودجە یاسای "چاکسازی موچە" دێتە پەرلەمانەوەو پەسەند دەکرێت، کە یاساکە جیاوازە لە بودجە، بەڵام لە بودجە پارەی بۆ دابیندەکرێت. جێبەجێکردنی یاساکەش بۆ هەرێم دەکەوێتەوە سەر حکومەتی هەرێم و بەپێی یاساکە موچەی مانگانە رێکدەخرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق لە ئێستادا خوێندنەوەی دوەمی بۆ کراوە و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ وەزارەت و دەستەکان لە کۆبونەوەدایە، دوای پێدانەوەی راپۆرتی لیژنەی داراییش پڕۆژەیاسای بودجە دەنگی لەسەر دەدرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×