وەزیری دارایی: پارەی پێویستمان بۆ موچەی مانگی نیسان لەبەردەستدا نییە
  2023-04-30       764       


وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بۆ موچەی مانگی (نیسان/4) پارەی پێویستیان لەبەردەستدا نیە. دەشڵێت، "چاوەڕێی چارەسەری کێشەکانی بەغداو ئەنقەرەن تا پارەی نەوت بنێردرێت بۆ هەرێم".

ئاوێنه‌: ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری لەدیدارێکدا لەگەڵ کەناڵی روداو رایگەیاند، "دەمەوێ بەراستی قسە بکەم، ئەو پارەیەی ئێستا هه‌مانه‌ دەتوانین بڵێین 400 ملیار دینارەکە ئامادەیە، 70-80 ملیارێکی مانگی پێشووش ماوەتەوە، ئەمەش بەتەنیا بەس نییە بۆ مووچە، ئەگەر خوابکات بە زوویی کێشەی عێراق و تورکیا چارەسەر ببێت و پارەی نەوتمان بۆ بێت، چونکە ئەگەر پارەی نەوتمان بۆ نەیەت، حسابکە ناقس 500 ملیۆنمان دۆلارمان هەیە بۆ مووچە." 
 
وتیشی، "بەپێی یاسای بودجە و رێکكەوتنەکەمان لەگەڵ بەغدا، لەبەرپرسیارێتی عێراقدایە ناردنی بودجە و ئێمە نەوتمان رادەستکردوە".

سەبارەت بە ناردنی 400 ملیار دینارەکە، ئاوات جەناب نوری ئاشکرایکرد، "ئەمڕۆ هەژمارێکی بانکیمان لە بانکی رەشید کردۆتەوە، دەبێت هەژمارێکی بانکی لە بانکی رافدەینیش بکەینەوە، هەریەکەیان 200 ملیار دینارمان بۆ دەنێرن، بەڵام بەکرداری پارەکە نەگەیشتوە".

وتیشی، "لەبەرئەوەی بەغدا پرۆسەیەکی دروستکردوە ناوی ناردنی 400 ملیار دینارەکەیان ناوە قەرز، بۆیە دەبێت لەرێگەی بانکە حکومیەکانەوە بنێردرێت و لەلایەن وەزارەتی داراییەوە پارەی بۆ تەرخانبکرێت و ئێمەش سەرقاڵی جێبەجێکردنی رێکارەکانین".

لەبارەی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریسیشەوە، ئاوات شێخ جەناب وتی، "بڕیاری دادگای پاریس، دوور و نزیک پەیوەندیی بە دۆسیەتی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە نییە، پەیوەستە بە را جیاییەکی یاسایی نێوان عێراق و تورکیا، ئەوەش بەشێکی لە بەرژەوەندی تورکیا و بەشێکی دیکەی لە بەرژەوەندی عێراق دەرچووە. شتێکی زۆر گرنگیشی بۆ کورد تێدایە، ئەویش ئەوەیە کە دادگای پاریس پیشەسازی نەوتی هەرێمی کوردستانی بە شەرعی و رەوا زانیوە، ئەمە خاڵێکی ئەرێنی بۆ کورد جێگیر کردووە."  
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×