ئەو ئەفسەرەی گیڤارای دەستگیر کرد کۆچی دوایی کرد
  2023-05-09       1735       

ئا: ئاوێنە

 

ژەنەراڵێکی بۆلیڤیا کە بەهۆی دەستگیرکردنی ئێرنێستۆ چێ گیڤارا، گەریلای چەپی ئەرجەنتین، بوو بە پاڵەوانی حکومەتی سەربازی ڕاستڕەوی وڵاتەکەی، لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

 

گاری پرادۆ سالمۆن، لەساڵی ١٩٦٧، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی سەرکوتکردنی گەریلاکانی کۆمۆنیست بوو کە بەسەرۆکایەتی چێ گیڤارا لەبۆلیڤیا دەجەنگان. ئەم ئۆپەراسیۆنە لەلایەن دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریکاوە، سی ئای ئەی پاڵپشتی کرا.

ژەنەڕاڵ پرادۆ توانی لەدارستانێکی دووردەست لەبۆلیڤیا گەمارۆی چێ گیڤاراو گەریلاکانی هاوڕێی بدات.

لە کاتی دەستگیرکردنی چێ گیڤارادا لەگروپەکەی کە ١٢٠ کەس بوون، تەنها ٢٢ کەس بەزیندویەتی مانەوە.

ڕۆژێک دوای دەستگیرکردنی چێ گیڤارا، ئەفسەرێکی دیکە بەناوی ماریۆ تران ئەوی گولللەباران کردو تەرمەکەی لەشوێنێکی نهێنیدا بەخاک سپێردرا.

تەرمی چێ گیڤارا لەساڵی ١٩٩٧ دۆزرایەوەو گواسترایەوە بۆ کوبا.

ژەنەڕاڵ پرادۆ بەهۆی دەستگیرکردنی چێ گیڤاراوە بووە پاڵەوانێکی ڕاستڕەو لەوڵاتەکەیدا.

لەشەستەکانی سەدەی ڕابردوودا کێبڕکێیەکی توند لەنێوان ئەمریکاو یەکێتی سۆڤیەت بۆ زاڵبوون بەسەر ئەمریکای لاتین هاتەکایەوەو واشنتۆن نیگەران بوو لەچالاکیی گەریلا کۆمۆنیستەکانی وەک چێ گیڤارا لەوڵاتانی ئەم ناوچەیە.

چێ گیڤارا کە پزیشکێکی ئەرجەنتینی بوو، دوای یاوەریکردنی فیدڵ کاسترۆو سەرکەوتنی شۆڕشی کۆمۆنیستی لە کوبا لەساڵی ١٩٥٩ بۆ بڵاوکردنەوەی کۆمۆنیزم گەشتێکی بۆ ناوچەکانی دیکەی جیهان کرد.

ژەنەڕاڵ پرادۆ لەکتێبێکدا بە ناوی "چۆن چێم دەستگیر کرد" یادەوەرییەکانی خۆی لەبارەی دەستگیرکردنهو گولللەباران کردنی چێ گیڤارا گێڕایەوە.

پرادۆ لەساڵی ١٩٨١ تەقەی لێکراو بەهۆی برینداربوونی بڕبڕەی پشتیەوە تا کۆتایی ژیانی ئیفلیج بوو.

سەرچاوە: بی بی سی

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×