دارایی پەرلەمانی عێراق: باجی سەر كارتی مۆبایل لە بودجەدا دانرایەوە
  2023-05-19       175       

ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لیژنەكەیان بەردەوامە لەسەر دەنگدان لەبارەی بڕگەو ماددەكانی بودجەو لەو چوارچێوەیەشدا دەنگی لەسەر گەڕاندنەوەی باجی سەر كارتی مۆبایل داوە.

ئاوێنە: سەعد عەواد توبی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە رۆژنامەی "سەباح"ی عێراقی وتوە، لیژنەی دارایی بەردەوامە لەسەر دەنگدان لەسەر بڕگەو ماددەكانی بودجەو لەو چوارچێوەیەشدا دەنگی لەسەر بەشێك لە بڕگەو ماددەكانی بودجە داوە.

بەپێی قسەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لیژنەكە دەنگی لەسەر گەڕاندنەوەی باجی سەر كارتی مۆبایل داوە. وتوشیەتی"وێڕای ئەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەو باجەی پێش سێ مانگ هەڵوەشاندۆتەوە، بەڵام لیژنەی دارایی جارێكی دیكە لە بودجەدا زیادی كردۆتەوە."

سەعد عەواد توبی، هەر لەو بارەیەوە رونكردنەوەی زیاتری داوەو وتویەتی"لە هەمو حاڵەتێكدا بڕگەی گەڕاندنەوەی باجی سەر كارتی مۆبایل لە پەرلەمان دەخرێتە دەنگدانەوە، پێدەچێت رەتبكرێتەوە."

هەروەها لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتویەتی، هەندێك هەمواری بودجە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ پەرلەمان رەوانە كراون، بەڵام تاوەكو ئێستا لە لیژنەكەیان ئەو هەموارانە نەخراونەتەڕو.

هەروەها فەیسەڵ نائیلی، ئەندامی لیژنەكە، بە رۆژنامەی سەباح-ی وتوە، لیژنەكەیان بەوپەڕی تواناوە كاری لەسەر كەمكردنەوەی كورتهێنان لە بودجەدا كردوە.

جەختیشی كردۆتەوە كە گفتوگۆ و دەنگدان لەسەر بڕگەو ماددەكانی بودجە لەلایەن لیژنەكەیانەوە بەم نزیكانە یەكلایی دەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە كە گفتوگۆ لەبارەی بڕگەكانی بودجە نزیك بۆتەوە لە كۆتایی و دوابەدوای تەواوكردنی دەنێردرێت بۆ پەرلەمان تا دەنگی لەسەر بدرێت.

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×