سەرۆكایەتی كۆمار: تەندروستی د. لەتیف رەشید لەبارێكی تەواو ئاساییدایە
  2023-05-23       196       

سەرۆكایەتی كۆماری عێراق رەتیدەكاتەوە، لەكاتی دابەزینی لەفڕۆكە د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار برینداربوبێت و راشیدەگەیەنێت، تەندروستی سەرۆك كۆمار لەبارێكی تەواو ئاساییە وەك هەمیشە لە سەرۆكایەتی كۆماردا ئەركەكانی خۆی جێبەجێدەكات.

ئاوێنە: سەرۆكایەتی كۆمار  لەڕونكردنەوەیەكدا بڵاویكردەوە، "بەشێك لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا هەواڵێكی ناڕاستیان بڵاوكردەوە و باس ئەوە دەكەن كە جەنابی سەرۆك كۆمار دكتۆر لەتیف جەمال ڕەشید لە كاتی دابەزینی لە فڕۆكە ئازاری پێگەیشتوە و بریندار بوە، لەم ڕوەوە دوپاتیدەكەینەوە كە ئەو هەواڵە دورە لە ڕاستییەوە، تەندروستی سەرۆك كۆمار لەبارێكی تەواو ئاساییە وەك هەمیشە لە سەرۆكایەتی كۆماردا ئەركەكانی خۆی جێبەجێدەكات".

هەر بەگوێرەی رونكردنەوەكە، بەدرێژایی ڕۆژانی ڕابردو، سەرۆك كۆمار تا ئەمڕۆ سێشەممە چەندین چالاكیی ئەنجامداوە كە لەڕێگەی ڕاگەیاندنەكانەوە بڵاوكرانەوە و پەخشكراون، ئەمەش ئەوە پشتڕاستدەكاتەوە كە ئەوەی لەلایەن هەندێك سۆشیال میدیاوە بڵاوكرایەوە ڕاست نییە.

ئەوەشیخستۆتەڕو، "شاراوە نییە كە سەرچاوەی ئەو دەنگۆیانە ناسراو و ئامانجەكانیان ئاشكران و ڕەفتارێكی نابەرپرسانەن، وەك چۆن كەسانی نابەرپرس لە ڕێگەیانەوە پشێوی و نادروستی لە كۆمەڵگە و دامەزراوەكانی دەوڵەتدا دروست دەكەن ، بۆ  ئەمەش ئێمە پابەند دەبین بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی تا ڕێگرییان لێبكات".

سەرۆكایەتی كۆمار داواش لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن دەكات، "وردبین بن و سەرنجیان ڕادەكێشین بۆ پێویستی پشتڕاستكردنەوەی ڕاستی هەواڵەكان پێش بڵاوكردنەوەیان و پابەندبون بە ستانداردەكانی متمانەپێكردن و پیشەیی بون لە بڵاوكردنەوەدا".

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×