ئەندامێكی لیژنەی دارایی: سبەی بودجە ئامادە دەبێت بۆ دەنگدان
  2023-05-26       282       

ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، پێنج لە گرنگترین ئاڵۆزییەکانی بودجەی ساڵی 2023 تێپەڕێنراون و سبەی شەممە، دەنگ لەسەر پرۆژەیاساکە دەدرێت و پەسەند دەکرێت.

ئاوێنە: موزر کەڕەوی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، "بودجەی ساڵی 2023 لە ڕوی بڕگەو پاشکۆکانەوە نزیکە لە تەواوبون، هەروەها زنجیرەیەک دانیشتنی ئەمشەو ماوە بۆ چارەسەرکردنی هەندێک کێشە، بەڵام بە گشتی بودجەکە گۆڕانکاری زۆری بەخۆوە بینیوە لە دۆسیە گرنگەکاندا."

وتیشی، "پێنج لە ئاڵۆزییەکانی بڕگە و ماددەکانی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023 تێپەڕێنراون، دیارترینیان کورتهێنانی دارایی و دەستەبەرکردنی شایستە داراییەکانی چین و توێژەکانەو دڵنیایی لەوبارەیەوە دراوە، ئەمە جگە لە شایستە داراییەکانی پارێزگاکان لە چوارچێوەی گەشەپێدانی هەرێمەکاندا گرنگی تایبەتیان پێدراوە."

ئاماژەی بەوەشکرد، لەهەمو بارێکدا سبەی شەممە پرۆژەیاسای بودجەی 2023 ئامادە دەبێت بۆئەوەی پێشکەشی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکرێت، بەوەش دەتوانرێت دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×