عێراق: ئەمساڵ چوار ملیۆن تۆن گەنمی جوتیاران وەردەگرین
  2023-05-27       277       

بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی دانەوێڵەی عێراق رایگەیاند، تاوەکو ئێستا ملیۆنێک و 500 هەزار تۆن گەنمی جوتیارانیان وەرگرتوەو بەنیازن ئەمساڵ بڕەکەی بەرزبکەنەوە بۆ 4 ملیۆن تۆن. دەشڵێت، 375 هەزار تۆن گەنم لە جوتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرن و ئەگەر پێویست بکات، گەنمی زیاتریش وەردەگرن.

 ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانیی هەرێمی کوردستان و د. حەیدەر گەرعاوی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی دانەوێڵەی عێراق کۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییان ئەنجامدا. کەمال موسلیم وتی، بڕیارە حکومەتی عێراق 375 هەزار تۆن گەنمی جوتیاران وەربگرێت و داوایان کردوە ئەو رێژەیە زیاتر بکرێت. وتیشی، پارەی پێویست لە بانکەکان هەیە.

 هاوکات بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی دانەوێڵەی عێراق وتی، تاوەکو ئێستا نازانن بەرهەمی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان چەند دەبێت، بەڵام ئەوان بڕیاریان داوە 375 هەزار تۆن گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرن و ئەگەر پێویستی کرد، رەنگە گەنمی زیاتریش وەربگرن.

 ئەو بەڕێوەبەرەی کۆمپانیای دانەوێڵەی عێراق باسی لەوە کرد، تاوەکو ئێستا یەک ملیۆن و 500 هەزار تۆن گەنمیان لە جوتیاران وەرگرتوەو بەنیازن ئەمساڵ ئەو رێژەیە بۆ 4 ملیۆن تۆن بەرزبکەنەوە کە گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە. وتیشی، هەرچی دانەوێڵەی جوتیاران بێت وەری دەگرن و رێگە بە هاوردەکردنی گەنم لە دەرەوە نادەن.

 بەوتەی د. حەیدەر، 40 ملیار دینار لە بانکەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، 20 ملیار لە سلێمانی، 10 ملیار لە هەولێر و 10 ملیاریش لە دهۆک ئامادەیەو دوای وەرگرتنی گەنمی جوتیاران، چەکی پارەکانیان پێدەدرێت. ئاماژەی بەوەش دا کە ئەمساڵ ئاسانکاریی باش کراوەو دەوامی سایلۆکانیان زیاد کردوە، لە 8ـی بەیانییەوە تاوەکو 12ـی شەو فەرمانبەرانی سایلۆکان دەوام دەکەن.

ساڵی رابردو عێراق 322 هەزار تۆن گەنمی لە جوتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت، بەڵام وەکو حەیدەر گەرعاوی وتی، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق وتویەتی، گرنگیی تایبەت بە جوتیارانی هەرێمی کوردستان بدرێت، بۆیە ئەو رێژەیەیان بەرزکردوەتەوە بۆ 375 هەزار تۆن و ئەگەر زانییان بەرهەمی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان زۆرە، هەوڵدەدەن گەنمی زیاتریش وەربگرن.

 حەیدەر گەرعاوی باسی لەوە کرد، رێککەوتن کراوە بۆ وەرگرتنی 175 هەزار تۆن گەنمی دیکەی جوتیارانی هەرێمی کوردستان لە ئەگەری بونی بڕێکی دیکەی بەروبومی جوتیارانی هەرێمی کوردستان. وتیشی، "ئامانج لەم بڕیارە وەرگرتنی کۆی گشتیی بەروبومی جوتیارانە. هەروەها وەک کۆمپانیای دانەوێڵە لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و لایەنە پەیوەندیدارەکان رێککەوتوین بە وەرگرتنی هەمو بەروبومەکان، ئەگەر ئەمڕۆش وەرنەگیرێت سبەی یان دوای مانگێک وەری دەگرین. بۆ ئەمەش بڕیارێکی دیکەی بۆ دەردەکەین و بەپێی ئەو بڕەی ماوەتەوە دەست بە وەرگرتنی دەکەین."

ئەوەش لەكاتێكدایە ئەمڕۆ شەممە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان بەڕوی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران کرانەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×