بزوتنەوەی‌ گۆڕان داوای کۆبونەوەی‌ لوتکەی‌ پارتە سیاسییە سەرەکیەکان دەکات
  2023-05-27       266       


بزوتنەوەی‌ گۆڕان "دەستپێشخەرییەک" ڕاده‌گه‌یه‌نێت‌و داوای کۆبونەوەی‌ لوتکەی‌ پارتە سیاسییە سەرەکیەکان دەکات. هاوكات کۆبونەوەی‌ کۆمسیۆن له‌ئێستادا بەپێویست نازانێت.

ئاوێنه‌: دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌دانیشتنی رۆژی 22/5/2023، كۆمسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ هه‌رێم له‌لایه‌ن فراكسیۆنی‌ پارتی‌‌و چه‌ند فراكسیۆنێكی‌ دیكه‌ كارا كرایه‌وه‌، له‌ئێستادا كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان سەرقاڵی ئامادەكارییە بۆ كۆبونەوە، كۆبونەوەی كۆمسیۆن پێویستی بەئامادەبونی 5 ئەندامە لەكۆی 9 ئەندامی كۆمسیۆن.

ئەوەی تا ئێستا یەكلایی بۆتەوە، شەش ئەندامی (كۆمەڵ، یەكگرتو، گۆڕان، یەكێتی) بەشدار نابن لەكۆبونەوەی كۆمسیۆن. 

ده‌قی‌ دەستپێشخەرییەکه‌ی‌ گۆڕان:


دەستپێشخەرییەک لە بزوتنەوەی‌ گۆڕان-ەوە 

پاش چەندین هەوڵی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان بۆ هێورکردنەوەی‌ دۆخی‌ سیاسی هەرێمی‌ کوردستان و چارەسەری‌ ناکۆکییەکان لە ڕێگەی‌ دامەزراوە فەرمیەکانەوە، جارێکی‌ دیکە پرسی‌ کاراکردنەوەی‌ کۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سەربەخۆی‌ هەڵبژاردن و ڕاپرسی‌ کوردستان لێکترازانێکی‌ تری‌ دروستکرد. 
بزوتنەوەی‌ گۆڕان لە (٣١-٣-٢٠٢١)دا پڕۆژەیەکی‌ بۆ هەمواری‌ یاسای هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان پێشکەشکرد. داوای‌ کاراکردنەوەی‌ کۆمسیۆنی‌ کرد لە پێناوی‌ هەڵبژاردنێکی‌ پاک و بێگەرد لەکاتی‌ یاسایی خۆیدا، بەڵام بۆ ئەم پرسە هیچ هەنگاوێکی‌ پراکتیکی‌ نەنرا. دواجار پێنج لایەنی‌ سەرەکی‌ لە (١١-٣-٢٠٢٣) ڕێکەوتنێکیان ئیمزاکرد کە ئەم دوپرسە ڕەهەندی‌ نیشتمانییان هەیە و پێویستە بەسازان و هاوتەریب هەموار و کارا بکرێنەوە.
بزوتنەوەی‌ گۆڕان سیاسەتی‌ سەربەخۆی‌ خۆی‌ هەیە، کە پێداگرییە لە بنەما یاساییەکان و گەڕانەوەی‌ شکۆ بۆ دامەزراوەکان، بۆ ڕێگەگرتن لەبەردەوامی‌ ئەم دۆخە و لێکترازانی‌ زیاتر، هەروەها ڕێگەنەدان بە پێشێلکردنی‌ یاسا و بنەماکانی‌ سازانی‌ نیشتمانی‌ هیچ کۆبونەوەیەکی‌ کۆمسیۆن بەپێویست نازانین.
وەکو ئەرکی‌ نیشتمانی‌ و سیاسی لەپێناو دۆزینەوەی دەرچەیەك بۆ چارەسەری ناکۆکیەکانی‌ هەرێم و پێشهاتە نوێیكانی گۆڕەپانی سیاسی عێراق و دورخستنەوەی مەترسی لەسەر گوزەرانی خەڵك و پاراستنی‌ قەوارەی‌ هەرێم، بزوتنەوەی‌ گۆڕان داوای کۆبونەوەی‌ لوتکەی‌ پارتە سیاسییە سەرەکیەکان دەکات.
بزوتنەوەی‌ گۆڕان
٢٧ی ٥ی ٢٠٢٣

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×