ئەردۆغان به‌سەرۆک كۆماری تورکیا هەڵبژێردرایەوە
  2023-05-28       558       


نزیكه‌ی‌ 99%ی دەنگەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا جیاکرانەوەو بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار بۆ سێیەم جار بەسەرۆک کۆماری وڵاتەکە هەڵبژێردرایەوە. دوای‌ سه‌ركه‌وتنی‌ ئەردۆغان وتی‌، "براوە تەنها تورکیایە، ئێمە پێکەوە خەونی هەمو چین‌و توێژەکانی میللەتەکەمانمان بەدیهێنا." 

ئاوێنه‌: ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، خولی‌ دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری تورکیا لەنێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان، كاندیدی‌ هاوپەیمانیی جهمورو کەمال کڵچدارئۆغڵو، كاندیدی‌ هاوپەیمانی میللـەت کۆتاییهات‌و بەگوێرەی ئەنجامی بەرایی 99%ی ده‌نگه‌ جیاكراوه‌كان، ئەردۆغان 27 ملیۆن دەنگی بەدەستهێناوەو کڵچدارئۆغڵوش 24 ملیۆن دەنگی بەدەستهێناوە. 

بەپێی ئەو دەنگانە بێت، رەجەب تەیب ئەردۆغان 52.1%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوەو کەمال کڵچدارئۆغڵوش 47.8%ی دەنگەکان. 

دوای‌ ڕاگه‌یاندنی‌ ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان، رەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگه‌یاند، "خولی‌ دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمارمان تەواو کرد، دەمەوێت سوپاس و پێزانینی خۆم بۆ میللەتەکەم دەرببڕم، کە لە نێوان دوو جەژندا جەژنی دیموکراسییان پێبەخشین." 

وتیشی‌، "سوپاسی هەمو هاوڵاتییانم دەکەم کە بەچونە سەر سندوقەکانی دەنگدان ئیرادەی خۆیان بۆ داهاتوی خۆیان و منداڵەکانیان نیشاندا، براوە تەنها تورکیایە، ئێمە پێکەوە خەونی هەمو چین و توێژەکانی میللەتەکەمانمان بەدیهێنا." 

بەگوێرەی دەستوری نوێی ئەو وڵاتە، سیستەمی تورکیا سەرۆکایەتییەو سەرۆکی هەڵبژێدراو بۆ ماوەی پێنج ساڵی داهاتو سەرۆکایەتی تورکیا دەکات.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×