ئێران بۆ عێراق: هەرچی زوە كۆتایی بە گروپە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران لە عێراق بهێنن
  2023-05-29       400       

عەلی ئەكبەر ئەحمەدیان، سكرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی ئێران، ئەمڕۆ دوشەممە، لەمیانی پێشوازیكردنی لە قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و شاندی یاوەریدا رایگەیاند، لەچوارچێوەی رێككەوتنی ئەمنی نێوانماندا، چاوەڕێین هەرچی زوە عێراق كۆتایی بە گروپە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران لەسەر خاكەكەی بهێنێت.

ئاوێنە: قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لەگەڵ شاندێكی یاوەری بەسەردانێك لە ئێرانەو ئەمڕۆ دوشەممە، لەلایەن عەلی ئەكبەر ئەحمەدیان، سكرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی ئێرانەوە پێشوازی لێكرا.

بەپێی میدیای رەسمی ئێران لە دیدارەكەدا، عەلی ئەكبەر ئەحمەدیان وتویەتی، رێككەوتنە ئەمنییەكەی ئەم دواییەی نێوان ئێران و عێراق، بەرهەمی چەندین مانگ گفتوگۆو هەوڵی هاوبەشی دەزگا پەیوەندیدارەكانی هەردو وڵاتەو نەخشەڕێگەیەكە بۆ دروستكردنی ئاسایشێكی تۆكمە لە سنورەكان و زەمینەسازیشە بۆ پەرەپێدانی هاریكاری نێوان هەردو وڵات لە بوارەكانی دیكەدا.

ئەحمەدیان هاوكات رێككەوتنەكەی بە "هەنگاوێكی زۆر گونجاو و ستراتیژی" ناوبردو جەختیشی لەسەر جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە كردەوە.

سكرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی ئێران وتوشیەتی"چاوەڕێین حكومەتی عێراق لەچوارچێوەی ئەم رێككەوتنەدا، هەرچی زوترە بە كۆتاییهێنان بە چەكدارانی گروپە ئۆپۆزسیۆنەكان لەو وڵاتە، ئاسایشی سنورەكانی عێراق لەگەڵ ئێران زامن بكات."

بەگوێرەی میدیای رەسمی ئێران لە دیدارەكەدا، قاسم ئەعرەجی جەختی كردۆتەوە كە "ئاسایشی عێراق ئاسایشی ئێرانەو ئاسایشی ئێرانیش ئاسایشی عێراقە."

هەروەها ئەعرەجی جەختیشی كردۆتەوە كە عێراق پابەند دەبێت بەو رێككەوتنە ئەمنییەی بەم دواییانە لەنێوان هەردو وڵات ئیمزاكراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×