عەممار حەکیم: ئاساییە ئەگەر بودجە بەپێی خواستی هەمولایەنەکان نەبێت
  2023-05-30       398       

عەممار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی رایگەیاند، بابەتێکی زۆر ئاساییە کە بودجەی عێراق نەتوانێت خواستی هەمو هێزە سیاسییەکان بەدی بهێنێت و ئەوەی گرنگە بەرۆڵێکی نیشتمانیانەوە بخرێتە خزمەت هاوڵاتیانەوە.

ئاوێنە: عەممار حەکیم لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی هەواڵی قاهیرە ڕایگەیاند، "ڕێککەوتن لەسەر بودجە، سەرەڕای هەمو ئاڵۆزییەکان، بەڵگەی سەرکەوتنی ئەزمونی سیاسی ئێستای عێراق دەگەیەنێت، لەهەمانکاتیشدا کارێکی ئاساییە ئەگەر بودجە خواستەکانی هەمو هێزە سیاسییەکان بەدینەهێنێت".

وتیشی، "بودجەی ئەمساڵ بەهۆی قەبارەکەیەوە گرنگی تایبەتی خۆی دەبێت لەمێژوی عێراقدا، لەهەمانکاتیشدا فرە ڕەهەندی و جیاوازی لە تەرخانکردنەکان وایکردوە کە نەتوانرێت خواستی هەمولایەک بەدی بهێنێت، بەڵام ئەوەی گرنگە زۆرینەی لایەنەکان پشتیوانی بن و لەگەڵ تێپەڕاندنیدا بن تا بتوانرێت بخرێتە خزمەت هاوڵاتیانەوە".

عەممار حەکیم ئاماژەی بەوەشکرد، هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتی عێراق لە ئێستادا بەرجەستەی لێکتێگەیشتنی نێوان پێکهاتە سیاسییەکانە و هیوادارە بودجەی نوێ پەسەند بکات بۆئەوەی گەورەترین بودجە بێت لە مێژوی عێراقدا.

ەردو ماددەی 13 و 14ی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 کە شەوی پێنجشەممەی رابردو لەلیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەندکران، مشتومڕی زۆریان بەدوای خۆیدا هێنا و نوێنەرانی پارتی و یەکگرتوی ئیسلامیش لە لیژنەکە کشانەوە، هەردو فراکسیۆنی یەکێتی و نەوەی نوێش دەنگیانپێدا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×