عالیە نوسەیف: بەدەر لە بابەتی پشكی هەرێم، ناكۆكی زۆر قوڵ و دابەشبونی سیاسی لەبارەی بودجەوە هەیە
  2023-06-09       550       

عالیە نوسەیف، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بەدەر لە بابەتی پشكی هەرێم، ناكۆكی زۆر قوڵ و دابەشبونی سیاسی لەبارەی هەندێك لە بڕگەكانی دیكەی بودجە هەیە. ئەو بەدوریشی دەزانێت دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر بودجە لە سەعات 1ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دەستپێبكاتەوە.

ئاوێنە: عالیە نوسەیف بە كەناڵی "عەهد"ی عێراقی راگەیاندوە، ناكۆكییەكان لەبارەی بودجەوە هێشتا هەڵوێستی زاڵن لەنێو پەرلەمان.

جەختیشی كردۆتەوە، تەنانەت ئەو ماددانەش كە دەوترێت رێككەوتنیان لەسەر كراوە، هێشتا جێی مشتومڕن، بەڵام ئەو ماددانەی شەوی رابردو دەنگیان لەسەر درا، ناكۆكییان لەبارەوە نەبو.

وتوشیەتی، ئەو ماددانەی تایبەتن بە پشكی هەرێمی كوردستان هێشتا وەك خۆیان ماون و دەستكاری نەكراون كە جێی مشتومڕن.

بەپێی قسەی ئەو پەرلەمانتارە، بەدەر لە بابەتی پشكی هەرێمی كوردستان، ناكۆكی زۆر قوڵ و دابەشبونی سیاسی لەبارەی هەندێك لە بڕگەكانی دیكەی بودجەوە، هەیە.

عالیە نوسەیف بەدوریشی زانیوە، دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر بڕگەو ماددەكانی بودجە لە سەعات 1ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دەستپێبكاتەوەو وتویەتی، دانیشتنەكەی دوادەخرێت بۆ كاتێكی تر.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×