لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمان: ئەولەویەتی داهاتوی پەرلەمان پەسەندكردنی یاسای نەوت و غاز دەبێت
  2023-06-10       451       

لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، دوای پەسەندكردنی بودجەو دەستپێكردنەوەی وەرزی نوێی دانیشتنەكانی پەرلەمان، ئەولەویەتی پەرلەمان پەسەندكردنی یاسای نەوت و غاز دەبێت.

ئاوێنە: باسم غرێباوی، ئەندامی لیژنەكە لەلێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی سەباح راشیگەیاندوە: چوار كێشەی سەرەكی درێژخایەن لەنێوان حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان ساڵانە دوبارە دەبنەوە، لەنێویاندا بودجەیە، كە بەردەوام پەسەندكردنی دوادەكەوێت.

باسم غرێباوی، هۆكارەی ئەوەشی بۆ پەسەندنەكردنی ئەو یاسایانە گەڕاندەوە كە ناكۆكییان لەسەرەو جێی مشتومڕن، لەوانە یاسای نەوت و غازو مادەی 140و داهاتە نانەوتییەكان، كە ئەگەر پەسەندبكرێن، ئەوا كێشەیەكی گەورە چارەسەر دەبێت.

وتوشیەتی"دوای پەسەندكردنی بودجەو دەستپێكردنەوەی وەرزی نوێی یاسادانان، پەرلەمان بەرەو یاسای نەوت و غاز هەنگاو دەنێت، بەوپێیەی لەچوارچێوەی ئەو یاسا گرنگانەدایە حكومەت كاری لەسەر دەكات و رەوانەی پەرلەمانی دەكات".

ئاماژەی بەوەشداوە كە "كارە هونەرییەكانی پڕۆژە یاساكە لەلای حكومەت تەواوكراون، بەڵام ئەو مادانەی لە روی سیاسییەوە ناكۆكییان لەسەرە، تا ئێستا چارەسەر نەكراون و لیژنەكەیان سەردانی مەیدانی دەكات بۆ لای سەركردەی كوتلە سیاسیەكان، بۆ تاوتوێكردنی بڕگەكانی یاساكەو بەدەستهێانی پشتیوانی سیاسی پێویست بۆ تێپەڕاندنی."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×