هۆکارى دانەبەزینى بەرچاوی نرخى دۆلار ئاشکراکرا
  2023-06-10       1064       

لەگەڵ ئەوەی دو رۆژ لەمەوبەر پەرلەمانی عێراق ئەو ماددەیەی بودجەی پەسەندكرد كە تێیدا نرخی 100 دۆلار بەرامبەر بە 130 هەزار دیناری عێراقی دیاری كراوە، بەڵام بەهای دۆلار وەك ئەوەی چاوەڕوان دەكرا، دابەزینی بەخۆیەوە نەبینی. وتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی لەو بارەیەوە دەڵێت، هەندێک بانک لە عێراق دەسەڵاتیان لەسەروى بڕیارەکانى بانکى ناوەندییەوەیە بۆیە بەهاى دۆلار لە بەرامبەر دینارى عێراقى دانابەزێت.

ئاوێنە: ئێوارەی رۆژی پێنجشەممەو بەر لە پەسەندكردنی نرخی دۆلار لە بودجەداو  لەكاتی داخستنی بازاڕی دراودا لە سلێمانی، بەهای دۆلار بە 146 هەزارو 950 دینار مامەڵەی پێوەكرا.

بۆ شەوەكەی پەرلەمانی عێراق ئەو ماددەیەی بودجەی پەسەندكرد كە تێیدا نرخی دۆلار بەرامبەر بە 130 هەزار دیناری عێراقی دیاریكراوە، بەڵام ئەمڕۆ شەممە، لەكاتی كردنەوەی بازاڕی دراودا، 100 دۆلار بە 146 هەزارو 150 دینار مامەڵەی پێوە كرا، كە ئەوەش ئەو دابەزینە بەرچاوە نەبو كە چاوەڕوان دەكرا.

جەبار گۆران، وتەبێژى بازاڕى دراوەکەى سلێمانى، ئەمڕۆ شەممە، لە لێدوانێكدا بۆ ئێن ئاڕ تى لەوبارەیەوە رایگەیاند، تەنیا جێگیرکردنى بەهاى دینار لە بەرامبەر دۆلار بە 130 هەزار دینار لەلایەن پەرلەمانى عێراقەوە بەس نییە بۆ دابەزینی بەرچاوی نرخی دۆلار، بەڵکو دەبێت بانکى ناوەندى عێراق رێکارەکان و لێپرسینەوەکانى توندتر بکاتەوە.

جەبار گۆران راشیگەیاند، کۆمەڵێک بانک هەیە دەسەڵاتیان لە سەروى بانکى ناوەندى عێراقەوەیە، بۆیە ناتوانرێت نرخى دۆلار ببێتە ئەو نرخەى کە پەرلەمانى عێراق جێگیرى کردوە.

جەبار گۆران باسى لەوەكرد کە قۆرخکارى هەیە و وتى "بەشێکى دۆلار ئێستاش دەچێتە دەرەوە، ئەگەر رێکارەکان توندر نەکرێنەوە، ئەوا لەو باوەڕەدا نییە دۆلار بەم زوانە بێتە خوار 140 هەزار دینار".

هەر لەو بارەیەوە مەزهەر محەمەد، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئاماژەی بەوە كرد، هۆکاری بەرزی بەهای دۆلار پەنابردنی هاوڵاتیانە بۆ دۆلاری کاش لە بازاڕە نافەرمییەکان لە کاتێکدا لە سەکۆی ئەليکترۆنی دەتوانن دۆلار بە نرخی فەرمی پەیدا بکەن.

لە بارەى سەکۆی ئەلیکترۆنی ئەژی محەمەد شارەزای بازاڕە ئابورییەکان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانیش دەتوانن لە رێگەی دروستکردنی کارتێکی بانکییەوە دۆلار بە نرخی فەرمی لە سەکۆی ئەلیکترۆنی دۆلار بکڕن، بەڵام ئەگەر لەوێ دۆلار بکڕدرێت ناتوانرێت بۆ هەمو مەبەستەکاندا خەرج بکرێت، چونکە دۆلاری ناو کارتە بانکییەکان پێویستی بە سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی دەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×