دابەشكردنی موچەی مانگی 5ی موچەخۆران لەمانگی 7دا كۆتایی دێت
  2023-06-18       1395       

وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌و ئابوری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ڕۆژانه‌ موچه‌ی‌ یه‌ك وه‌زاره‌ت دابه‌شده‌كات، به‌وه‌ش دابەشكردنی موچەی مانگی 5 (ئایار)ی موچەخۆران لەمانگی 7 (ته‌مموز)دا كۆتایی دێت.

ئاوێنه‌: ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 2023/6/18، به‌دابه‌شكردنی‌ موچه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌، دابه‌شكردنی‌ موچه‌ی‌ مانگی‌ 5ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌ستیپێكرد. 

ئه‌مڕۆش وه‌زارتی‌ دارایی هه‌رێم بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ سبه‌ی‌ دوشه‌ممه‌ ته‌نها موچەی دیوانی وەزارەتی پێشمەرگەو لیواکانی وەزارەت دابەشدەکرێت. 

به‌و پێیه‌ حكومەت بەهەفتەیەك خشتەی موچە ئامادە دەكات‌و بەمانگێكیش دابەشی دەكات، بۆیه‌ دابەشكردنی موچەی مانگی ئایاری موچەخۆران لەمانگی ته‌مموزدا كۆتایی دێت. ئه‌وه‌ش  له‌كاتیكدایه‌ كه‌ چه‌ند ڕۆژێكی‌ كه‌می‌ ماوه‌ بۆ هاتنی‌ جه‌ژنی‌ قوربان‌و هاوڵاتیان پێویستیان به‌خه‌رجی‌ زیاتره‌.

پێشترو چه‌ندینجار به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ڵێنی‌ ئه‌وه‌یان به‌هاوڵاتیان‌و موچه‌خۆراندا كه‌ هه‌مو 25ی‌ مانگێك موچه‌ دابه‌شده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌ئێستادا زیاتر له‌ 20 ڕۆژ به‌سه‌ر ئه‌و واده‌و به‌ڵێنه‌دا تێپه‌ڕیوه‌ كه‌ به‌رپرسان به‌موچه‌خۆرانیاندا.

دواكه‌وتنی‌ دابەشکردنی موچەی مانگی ئایار له‌كاتێكدایه‌ كه‌ 15ی‌ ئه‌م مانگه‌ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق  لەرێگەی بانکی رەشیدەوە بڕی 400 ملیار دیناری خستە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی‌و ئابوری هەرێمی کوردستان.

هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەران مانگانە پێویستی بەزیاتر لە 900 ملیار دینارە، میدیاكانی‌ نزیک لەدەسەڵات ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ حکومەتی‌ هه‌رێم 375 ملیار دینار کورتهێنانی‌ هەیەو چاوەڕوانی‌ بەغدایە 400 ملیاری‌ دیکەی‌ بۆ بنێرێت، لەکاتێکدا بەغدا 400ملیاری‌ ناردووەو دەسەڵاتی‌ هەرێم پێویستی‌ بە 500 ملیار دینارەو بەداهاتی‌ دو مانگ بۆی‌ دەستبەر ناکرێت.

هه‌رچه‌نده‌ له‌ڕۆژی‌ 25ی‌ 3ی‌ 2023وه‌ هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان به‌بۆری‌ بۆ توركیا ڕاگیراوه‌، به‌ڵام حکومەتی هەرێم ئه‌م داهاتانه‌ی‌ له‌به‌رده‌ستدا بووه‌، داهاتی دەروازە سنورییەکان‌، باج‌و ڕسوماتی‌ ناوخۆو داهاتی‌ نەوتی خام كه‌ بەتانکەر فرۆشراوه‌و هه‌ر تەنێک لەنێوان (250 تا 300) دۆلار فرۆشراوه‌.

به‌ڵام تائێستا وه‌زاره‌تی‌ دارایی هه‌رێم هیچ ژماره‌و ئامارێكی‌ وردی‌ له‌باره‌ی‌ ئه‌و داهاتانه‌وه‌ ئاشكرا نه‌كردووه‌و ته‌نها پشتی‌ به‌ 400 ملیاره‌كه‌ی‌ به‌غدا به‌ستووه‌ بۆ موچه‌.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×