وەزارەتی دارایی بڕیاری نوێ لەبارەی ئەو فەرمانبەرانە دەدات کە كەفیلی هاووڵاتییانن
  2023-06-25       1068       

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێنوێنییەكی دارایی سەبارەت بەو فەرمانبەرانە دەردەكات، كە كەفیلی هاووڵاتییانن بۆ پێشینەی خانووبەرە و هاوسەرگیری. بەرپرسانی گەنجینەش روونكردنەوە لەبارەی ئەو بڕیارە تازەیە دەدەن.

ئاوێنە: لە رێنماییەکەی وەزارەتی داراییدا، کە لە 19ی6ی 2023، دەرچووە، تیایدا چەند بڕیارێك دراوە، تایبەت بەو فەرمانبەرانەی، كە كەفیلی هاووڵاتییانن بۆ پێشینەی خانووبەرە و هاوسەرگیری و هاووڵاتییەكان قیستەكانیان ناگەڕێننەوە.

بەپێی رێنوێنییەكە، گەنجینە و بانكەكانی خانووبەرە و نیشتەجێكردن، نووسراو بۆ ئەو فەرمانگایانە دەكەن، كە فەرمانبەرەكانیان كەفیلی هاووڵاتییانن، بۆ ئەوەی هاووڵاتییەكان قیستەكانیان لە ماوەی دوو مانگدا بگەڕێننەوە.

ئاماژە بەوەش كراوە، ئەگەر لە ماوەی دوو مانگدا هاووڵاتییەكە قیستەكان نەگەڕێنێتەوە، ئەوە دەبێت فەرمانگەكان یەك لەسەر پێنجی كۆی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەر ببڕن، تاوەكوو قیستەكان تەواو دەبن.

وەزارەتی دارایی روونیشی كردووەتەوە، ئەو فەرمانبەرانەی گواستنەوەی راژە، یان مۆڵەتی بێ مووچەیان هەیە، ئەگەر كەفیل بن، ئەوا هەمان بڕیاریان بەسەردا جێبەجێ دەكرێت.

بەپێی رێنوێنییەكە، وەزارەتی دارایی رێنوێنیی ژمارە 5ی ساڵی 2019ی هەڵوەشاندووەتەوە، بەپێی ئەو رێنوێنییەش، ئەوكات راگرتنی مووچەی فەرمانبەرە كەفیلەكە بۆ سێ مانگ دەكرا، هەروەها مانگانە 180 هەزار دینار لە مووچەی فەرمانبەر دەگێڕدرایەوە، بەڵام بەپێی رێنوێنیی نوێ، راگرتنی مووچە لادراوە و دەبێت مانگانە لە كۆی گشتیی مووچە، لە پێنج بەش یەك بەش وەربگیرێتەوە.

رێنوێنییەكە كەوتە بواری جێبەجێكرنەوە، هەر هاووڵاتییەك پێشینەیەكی وەرگرتووە، بەڵام پابەندی گەڕانەوەی قیستەكانی نەبێ، ئەوا لەو حاڵەتدا ئەگەر لە دوو مانگی داهاتوودا هاووڵاتییەكە قیستەكەی نەگەڕاندەوە، یەك بەشی مووچەكەی دەبڕدرێت.

گەنجینەكان لە لیستی مووچەدا یەك لەسەر پێنجی مووچەی كەفیلەكە دەبڕن، بۆ نموونە، فەرمانبەرێك مووچەكەی ملیۆنێك و 250 هەزار دینارە، دابەشی پێنج دەكرێت، ئەوكات 250 هەزار دیناری لێ دەگێڕدرێتەوە، یەكێك مووچەی 500 هەزار دینار بێت، ئەوا 100 هەزار دیناری لێ دەگێڕدرێتەوە و مانگانە بەردەوام دەبێت تاوەكوو قیستەكان تەواو دەبن.

ئاماژەی بەوەش دا: "ئەو رێنوێنییە نوێییە هیچ پەیوەندیی بە خودی ئەو فەرمانبەرانەوە نییە، كە وەكوو فەرمانبەر پێشینەیان لایە، جارێ ئەوە هەر وەكوو خۆیەتی و هیچ بڕیاری نەێ نەهاتووە."

لە ساڵی 2015ەوە وەرگرتنەوەی قیستی پێشینەكانی هاوسەرگیری، خانووبەرە، سندووقی نیشتەجێبوون لە فەرمانبەران راگیراوە، تەنیا ئەوانە لێیان وەردەگیرێتەوە، كە وەكوو هاووڵاتی وەریان گرتووە.

پێشتر مووچەی كەفیلەكانیان رادەگیرا، تاوەكوو هاووڵاتییەكە قیستی دەداوە، بەڵام لەمەودوا مووچەی كەفیلەكە دەبڕدرێت، ئەگەر هاووڵاتییەكە پابەند نەبێت.


 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×