میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، دادگایەک لەباشوری تارانی پایتەخت، بەهۆی لابردنی سەرپۆشەوەو بڕیارێکی دژی ئافرەتێک دەرکردوە کە بەپێی ئەوەدەبێت ئەو ئافرەتە بۆ ماوەی یەک مانگ کاری مردوو شۆری لەتاران بکات.
ئاوێنە: ماڵپەڕی ئیعتیماد ئۆنلاینی سەر بەباڵی ڕیفۆرمخوازەکانی ئێران بڵاویکردەوە، ئەو بڕیارە لەلایەن دادگای دوەمی تاوانەکانی شاری ڤارامین لەباشوری تارانی پایتەخت دەرچوەو ئاماژە بەوەدەکات، سزای دوو مانگ زیندانی گۆڕیوە بەغەرامەکردنی نزیکەی 3 ملیۆن تومان کە دەکاتە 52 دۆلار، ئەوە جگە لەشۆردنی مردوەکان بۆ ماوەی مانگێک لەمردووشۆرێکی شاری تاران.
بەگوێرەی وێنەیەک کە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەبارەت بەو بڕیارەی کە دژی ئەم هاوڵاتییە ئێرانییە دەرچوەو بڵاوبۆتەوە، ئەو کچە بەتۆمەتی "لابردنی سەرپۆش لەشوێنێکی گشتییو پابەندنەبون بەسەرپۆشی شەرعی لەکاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلدا" تۆمەتبارکراوە.
لای خۆیەوە، پارێزەری ئەو هاوڵاتییە ئێرانییە باسی لەوەکردوە، پێدەچێت بریکارەکەی لەکاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلدا سەرپۆشەکەی لێکەوتبێتو بەئەنقەست سەرپۆشەکەی لانەبردوە.
لەدوای ئەو خۆپیشاندانو ناڕەزایەتییانەی کۆتایی ساڵی ڕابردوو لەدوای کوژرانی مەهسا ئەمینی لەزۆرینەی شارەکانی ئێران سەریانهەڵدا، دیاردەی لابردنی سەرپۆش لەلایەن ئافرەتانی ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو بڵاوبۆتەوە.
بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو دیاردەیە، پۆلیسی ئێران لەمانگی نیسانی ڕابردوەوە چاودێریی ئەلیکترۆنیی لەڕێگهی کامێرای چاودێرییەوە توندترکردەوەو وەک جێگرەوەیەک بۆ پۆلیسی ئەخلاقو ڕێنمایی لەشەقامەکاندا بەکاریهێنا.