بایدن لەبەرامبەر ڕازیبون بەئەندامێتیی سوید لەناتۆ بەڵێنێک بەتورکیا دەدات
  2023-07-17       752       

ڕۆژنامەنوسێكى بەناوبانگی ئەمریکی ئاشکرایکرد، سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنی بەڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا داوە، بەرامبەر نیشاندانى ڕەزامەندیی تورکیا بۆ ئەندامێتی سوید لەناتۆ، قەرزێکی 11 ملیار دۆلاری لەسندوقی دراوی نێودەوڵەتی پێبدات.

ئاوێنە: سیمۆر هێرش ڕۆژنامەنوسی بەناوبانگی ئەمریکی لەوتارێکیدا لەسەر پلاتفۆرمی سابستاک بڵاویکردۆتەوە باسی لەوەکردوە، جۆ بایدن پێشنیازی پێدانی قەرزێکی 11-13 ملیار دۆلاری بەتورکیا کردوە، لەبەرامبەر هەڵگرتنی ڤیتۆ لەسەر بەئەندامبونی سوید کە ناتۆ.

ئەو ڕۆژنامەنوسە ئەمریکییە کە هەواڵەکەی لەسەر سەرچاوەیەکی نادیار وەرگرتوە، باس لەوەدەکات کە بایدن داوای لەتورکیا کردوە دەستبەرداری ڤیتۆی ئەندامێتی سوید لەناتۆ بێت لەبەرامبەر ئەو قەرزەدا.

لەوتارەکەدا هێرش ئاماژەى بەوەکردوە، بەگوێره‌ى شیکارییەک کە لەمانگی حوزەیرانی ڕابردودا بەناونیشانی "گەشەسەندنی مەترسییەکانی بودجەی تورکیا" لەلایەن ناوەندی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەمریکاوە ئامادەکراوەو بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت، پێویستە سەرۆک کۆماری تورکیا ڕێگەیەک بدۆزێتەوە بۆ دورکەوتنەوە لەقەیرانی دارایی داهاتوی ئەو وڵاتە، جگەلەوەی یەدەگی دراوی بیانی لەبانکی ناوەندیی تورکیا خەریکە تەواو دەبێت.

لەکۆتایی وتارەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، تورکیا دوای ئەو بومەلەرزەیەی کە لە6ی شوباتدا ڕویدا، پێویستی بەدروستکردنی 4 ملیۆن یەکەی نیشتەجێبونی نوێ هەیە، ئەمەش دۆخی دارایی وڵاتەکەی خراپتر دەکات‌و دەبێت ڕێوشوێنی لێبڕاوانه‌ى بۆ بگیرێتەبەر.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×