غالب محەمەد،
پەرلەمانتاری گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاند لەسەر ئەوەی داوای چارەسەری
بەپەلەی بۆ خۆڵ و خاشاكی سلێمانی كردوە كە دەبێتە هۆی بڵاوبونەوەی نەخۆشی و توشبون
بە شێرپەنجە، جگە لە هەڕەشەی تۆماركردنی سكاڵا هەڕەشەی تریشی لێكراوە، بەڵام
ئاماژەی بە جۆری ئەو هەڕەشانە نەداوە.
ئاوێنە: رۆژی
20ی ئەم مانگە غالب محمەد، رایگەیاندبو"فاروقی مەلا مستەفا ٧٩ دۆنم زەوی وەرگرتوە
بۆ پڕۆژەی ریسایکلینی سلێمانی و لە ئێستاشدا تەلبەندی کردوە و داگیریشیکردوە و
ناشهێڵیت ئەو پڕۆژەیە تەواو بکرێت و کەسیش ناوێرێت لێپرسینەوە لەگەڵ بکات، چونکە
ناوبراو پشتگیری دەکرێت لەلایەن حزبێکی دیاری کراوەوە".
لەبەرامبەردا
ئەمڕۆ دوشەممە، نوسینگەی راگەیاندنی فاروقی مەلا مستەفا وەڵامی وتەکانی پەرلەمانتارەکەی
گۆڕان دایەوەو وتی"لەسەر ئەو بوختان و سوکایەتیانەی کردویەتی سکاڵای لەسەر تۆمار
دەکەین و دەیبەینە دادگا".
وتبوشی"ھاوڵاتییانو
ڕای گشتی ئاگاداردەکەینەوە کە تەواوی زانیارییەکانی غالب محەمەد، دەربارەی پرۆژەی
ریسایکلینی تانجەرۆ لەسلێمانی لەبارەی ھەڵوێست و بەرپرسیارێتی فاروق ھۆڵدینگ و شەخسی
فاروقی مەلا مستەفا لەو پرۆژە ھاوبەشەدا ناڕاستو ھەڵبەستراونو ناوبراو یەکەمجاری
نییە کە ھەوڵ دەدات لەسومعەو گەورەیی فاروق ھۆڵدینگو خاوەنەکەی کەم بکاتەوە کە ھەرگیز
سەرکەوتو نابێت".
هەروەك ئەوەشی
خستبوەڕو"لەئێستادا پرۆژەکە بە بەردەوامی کاری تێدا دەکرێتو بڕیارە لەمانگی
چواری ساڵی ٢٠٢٠ تەواو ببێتو تەنانەت راکێشانی جادەو کارەباو خەدەمات بەشێکی لەسەر
ئەرکی کاک فاروق مەلا مستەفا جێبەجێ دەکرێت. چونکە حکومەتی ھەرێم نەیتوانی بە تەنھا
ئەو کارە بکات".
دوای ئەو
راگەیەندراوەی نوسینگەی راگەیاندنی فاروقی مەلا مستەفا، غالب محەمەد لە نوسینێكدا
لەلاپەڕەی خۆی لەفەیسبوك نوسیویەتی"سەبارەت بەوەی بەندە بەرگریم لەخەڵکی پارێزگای
سلێمانی کردوە، داوای چارەسەری بەپەلەم کردوە لەڕابردودا بۆ ئەوجێگای لەتانجەڕۆ
پاشەڕۆ و خاشکی تێدا فڕێ دەدرێت بۆئەوەی هاوڵاتی باجی کەم تەرخەمی کۆمپانیاو بەرپرس
نەدات، چونکەبەردەوامی ئەو جێگا بەوشێوەیە دەبێتە هۆی بڵاوبونەوەی نەخۆشی و بەرزبونەوەی
ڕێژەی توشبون بەشێرپەنجە، هەڕەشەی تۆمارکردنی سکاڵام لێدەکرێت و هەرەشی تریش کراوە
کە هیچیان گرنگ نین لە لای بەندە."
هێماشی بۆ ئەوە
كردوە كە دوای ئەوەی سێ جار بەدواداچونیان كردوە بۆ پڕۆژەی ریسایكلینی خاشاكی
سلێمانی، بۆی دەركەوتوە كە كۆمپانیاكە نایەوێت ئەو كارە جێبەجێ بكات و مەبەستییەكی
كات بكوژێت.
غالب محەمەد
وتوشیەتی"ئێمە داوامان کرد ریسایکلین بۆ خاشاک دروست بکرێت کە چی پێچەوانەکەی
جێبەجێ دەکەن، ئەویش ئەوەی توشی نەخۆشیمان دەکەن و دوایی بەپارە لە نەخۆشخانەکانی
خۆیان ئەگەر چارەسەربکرێین و گەر مردینیش خەریکی ئەوەن قەبرەکانیشمان بە پارە پێ
بفڕۆشن کەواتە ریسایکلین بۆ ئێمە دروست کراوە نەک بۆ خاشاک!"
دەقی نوسینەكەی
غالب محەمەد...
مەرگیش کۆڵمان پێنادات
خوداو گەلمان لەپشت بێت
غالب محەمەد عەلی/ ئەندامی
لیژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عیراق
سەبارەت بەوەی بەندە
بەرگریم لەخەڵکی پارێزگای سلێمانی کردوە، داوای چارەسەری بەپەلەم کردوە لەڕابردودا
بۆ ئەو جێگای لەتانجەڕۆ پاشەڕۆ و خاشاکی تێدا فڕێ دەدرێت بۆ ئەوەی هاوڵاتی باجی کەمتەرخەمی
کۆمپانیاو بەرپرس نەدات، چونکە بەردەوامی ئەو جێگایە بەو شێوەیە دەبێتە هۆی بڵاوبونەوەی
نەخۆشی و بەرزبونەوەی ڕێژەی توشبون بە شێرپەنجە، هەڕەشەی تۆمارکردنی سکاڵام لێدەکرێت
و هەڕەشەی تریش کراوە، کە هیچیان گرنگ نین لە لای بەندە.
من پشت بەخوا لەپشتی
هاوڵاتیانی ئەم وڵاتەم کە بە پلە دو تەماشا دەکرێن و بونەتە قوربانی دەستی بازرگانی
بێویژدان و بەرژەوەندیخواز و پارەپەرست، بەندە بەدەنگی ئەو مرۆڤە پاک و سادانە بوم
بە ئەندامی ئەنجومەن و پەرلەمانتار، هەرگیز ئامادە نیم لەبەر خاتری بازرگان و پارەو
پلەو پۆست پشتیان لێبکەم و ئامادەم بە هەمو شێوەیەک ڕوبەڕوی هەر کەس و لایەن و
بازرگان و کۆمپانیایەک ببمەوە کە هاوڵاتی بکاتە قوربانی بۆ پەرەژەوەندی شەخس و حیزب
ئەگەر بەژیانی خۆمیش بێت.
ژینگەی سلێمانی
لەژێر رەحمەتی كۆمپانیاكانی فاروق گروپ
سەبارەت بە پرۆژەی
ڕیسایکلین خاشاکی سلێمانی، بەندە لەگەڵ هاوکارم کاک رێبوار ئەحمەد و کاک دیدار عەبدولکەریم
وەک ڕاوێژکاری ژینگەیی لە بەرواری 2016/7/12 بەدواداچونمان بۆ کردوە بۆ چارەسەرکردنی
بابەتەکە، بەڵام تا ئەو کات پرۆژەکە جێبەجێ نەکراوە بە پاساوی خەرجنەکردنی دو ملیار
دینار بۆ خزمەتگوزاری لەلایەن شارەوانییەوە، لە بەرئەوە کۆمپانیای لاڤارج ئامادە نیە
پرۆژەکە دەست پێبکات، لەکاتێکدا کە پێویست بو مانگی نۆی ساڵی 2015 پرۆژەکە تەواو
بکات، کە زیاتر لە 170 دۆنم زەوی بۆ کۆمپانیای ناوبراو تەرخانکراوە لەتانجەڕۆ.
شارەوانی مانگانە
نزیکەی چوار ملیاردینار خەرج دەکەن بۆ کۆمپانیاکانی گواستنەوەی خاشاک بۆ ناوچەی
تانجەڕۆ کە ڕۆژانە زیاتر له 1300 تەن خاشاک فڕێدەدرێ لە سنوری تانجەڕۆ، ئەمەش هۆکاری
سەرەکییە بۆ پیسبونی ناوچەی تانجەڕۆ و ئاوی دەربەندیخان و دەڤەری گەرمیان .
بۆیە داوامان
کرد داوا لە کۆمپانیای لاڤارج بکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە لە ماوەیهكی دیاری
کراودا، ئەگەر نا ئەرزەکان وەربگیرێتەوە و دوبارە بەتەندەرێکی نوێ بدرێتەوە بە كۆمپانیایهكی
تر كه بتوانێت دروستی بكات چونکە ئەمە پەیوەستە بە ژیان و تەندروستی پارێزگای
سلێمانییەوە.
دوای ئەوە کە هیچ جێبەجێ نەکرا وەکو سێ ئەندامی ئەنجومەنی سلێمانی کە
پێکهاتوە لە خۆم و ئەم بەڕێزانە (سێوە خان و کاک ڕێبوار ئەحمەد ) لەڕۆژی سێشەممە ۱۷ / ۷ / ۲۰۱۸ بۆ جاری سێیەم بەدواداچونمان کرد بۆ
چارەسەری خاشاکی شاری سلێمانی و سەردانی مەیدانی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی و شوێنی
فڕێدانی خاشاکمان کرد کە شوێنێکی زۆر ناتەندروست و ناشارستانییە، هۆکارێکی سەرەکی
تێکدانی پێکهاتەی ئاوی چەمی تانجەرۆ و ئاوی بەنداوی دەربەندیخان و گەرمیانە.
لەمیانی سەردانمان
بۆ لای لێپرسراوی پلانی شارەوانی سلێمانی بۆ مان دەرکەوت کە:
-هۆکاری دەستبەکارنەبونی کۆمپانیای (لاڤارج)
کە لایەنی جێبەجێکاری پڕۆژەی ناوبراوە پەسەندنەکردنی ئەو نوسراوانەیە کە تایبەتە بە
پێدانی گوژمەی گرێبەستەکە بەبڕی (7520000) حەوت ملیۆن و پێنج سەدو بیست هەزار دۆلار،
بەپێی یاساو ڕێنماییەکان.
- گەیاندنی کارەبای نیشتیمانی بە سنوری پڕۆژەکە
کە لەلایەن کۆمپانیای (ئیکۆسیم) بەشێوەی قەرز جێبەجێ دەکرێت بەبڕی (۸۳۰٫۰۰۰) هەشت سەدو سی هەزار دۆلار، بەمەرجێ لەکاتی
نەمانی قەیرانی دارایی حکومەتی هەرێم، دەبێت وەزارەتی دارایی و ئابوری بۆیان خەرج
بکاتەوە لەسەر گوژمەی پڕۆژەکە.
بەندە وەک خۆم بۆم
دەرکەوت کە ئەم کۆمپانیایە نایەوێت ئەو کارە جێبەجێ بکات و کار دەکات بۆ ئەوەی کات
بکوژێت و بەڵام هیچ گرنگ نییە لە لای ئەم کۆمپانیایە کە رێژەی شێرپجە هەتا دەیت زیاد
دەکات و هەتا دێت ژینگەی سلێمانی مەترسیدا دەبێت بە هۆی دروستنەکردنی ئەم ریسایکلینە.
لەبەر ئەو هۆکارانە
وەک پاساو کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێداو بونەتە هۆی دەست بەکارنەبونی کۆمپانیای جێبەجێکار
لە پڕۆژەی چارەسەری خاشاکی سلێمانی، داوامان کرد ئەوا پێویستە کە پارێزگار بڕیار
بدات یاخود داوابکات کە لەماوەی مانگێکدا گرێبەستی پڕۆژەکە هەڵوەشێنرێتەوەو دوبارە
بەپێی یاساو ڕێنماییەکان پڕۆسەی تەندەرین بۆ پڕۆژەکە بکرێت و گرێبەست لەگەڵ کومپانیایەکی
نیشتیمانی بکرێت.
بەڵام ئێستا هاوڵاتیان
با بەچاوی خۆیان بیبینن کامە پرۆژە تەواو کراوە؟ کێ لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە لەسەر
ئەو کەمتەرخەمیانە؟ کێن ئەوانەی بۆ بەرژەوەندی خۆیان گوێ بەژیانی هاوڵاتیانی پارێزگای
سلێمانی و گەرمیان نادەن لەپێناوی حیزب و کۆمپانیا؟
ئێمە داوامان
کرد رێساکلین بۆ خاشاک دروست بکرێت کەچی پێچەوانەکەی جێبەجێ دەکەن، ئەویش ئەوەی
توشی نەخۆشیمان دەکەن و دوای بەپارە لە نەخۆشخانەکانی خۆیان ئەگەر چارەسەربکرێین و
گەر مردینیش خەریکی ئەوەن قەبرەکانیشمان بە پارە پێ بفڕۆشن کەواتە ریسایکلین بۆ ئێمە
دروست کراوە نەک بۆ خاشاک!
لەپێناو ژیانی
هاوڵاتیان نە لەئێستا نە لەئایندە پشت بەخواو خەڵک بەردەوام دەبم و کۆڵنادەم.
هاوپێچ ئەم
نوسراوانە دادەنێم:
نوسراوی سەرۆکایەتی
ئەنجومەنی وەزیران ژمارە ۲۷٤۳ لە ۲۲/٦/۲۰۱٦
نوسراوی پارێزگای
سلێمانی /کاروباری هونەری ژمارە ۷۹٥۳ لە ۱۸/۷/۲۰۱٦

