كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، لە كۆبونەوەی داهاتوی ئەنجومەنی كۆمسیاراندا گفتوگۆ لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە دەكرێت. جەخیشدەكاتەوە كە ناكرێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ هەڵبژاردنی پارێزگاكاندا ئەنجام بدرێ و دەشڵێت، لە ئێستادا دیاریكردنی وادەیەك بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان قورسە.
ئاوێنە: عیماد جەمیل، ئەندامی تیمی راگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، بە ئاژانسی رەسمی عێراقی وتوە، دو نوسراو لەبارەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستانەوە گەیشتونەتە دەست ئەنجومەنی كۆمسیاران، ئەو بابەتە دەخرێتە بەرنامەی كاری دانیشتنی داهاتوی ئەنجومەنی كۆمسیاران و گفتوگۆ لەبارەی ناوەڕۆكی نوسراوەكان و میكانیزمی كاركردن و رێكارە تایبەتەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت و لەكاتی خۆیدا وردەكارییەكانی رادەگەیەنرێت.
ئەوەشی خستۆتەڕو، كۆمسیۆن 173 ناوەندیی تۆماركردنی لە پارێزگاكانی دهۆك، سلێمانی و هەولێر كردۆتەوە وەك ئامادەكارییەكانی بۆ هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان كە ئەو ناوەندانە رۆژانە لە سەعات 8ی بەیانی تا 3ی پاشنیوەڕۆ بە رۆژانی پشوەكانیشەوە پێشوازی لە دەنگدەران دەكات.
ئاماژەی بەوەشداوە، تاوەكو ئێستا رێژەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە هەرێمی كوردستان گەیشتۆتە 1500 دەنگدەر.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە، میكانیزمی هەڵبژاردنەكان لە هەرێمی كوردستان جیاوازەو ژمارەی دەنگدەران 3 ملیۆن و 641 هەزارو 566 كەسە كە مافی دەنگدانیان هەیە كە پڕۆسەی دەنگدانیش لەڕیگەی كارتی بایۆمەترییەوە بەڕێوەناچێت بەڵكو بەشێوەی تۆماری كاغەزییە.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە، كۆمسیۆن تاوەكو ئێستا یاسای هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستانی بەدەست نەگەیشتوە، ئەوەش وا دەكات لە ئێستادا دیاریكردنی وادەیەك بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان قورس بێت.
جەختیشی كردۆتەوە كە ناكرێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا ئەنجام بدرێت.
هەروەها ئەوەشی وتوە، دەستكراوە بە ئامادەكاری تەكنیكی و ئیداری لە ناوەندەكانی سەربە كۆمسیۆنی عێراق لە هەرێم كە لەڕێگەی 1500 كارمەندەوە بەڕێوەدەبرێن.
وتوشیەتی، كاری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم كۆتایی هاتوە، ناتوانێت دەستوەردان لەم هەڵبژاردنەدا بكات، بەڵكو هەڵبژاردنەكانی هەرێم لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە بەڕێوەدەبرێت.