دوای ئەوەی چەند نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان مایەپووچبوونی خۆیان راگەیاند، پۆلیس دەڵێت، 8 کەس لە خاوەن نووسینگەکان دەستگیر کراون.
ئاوێنە: عەقید عەلی جەمال قدووری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، "بە تۆمەتی بردنی پارە و لەسەر سکاڵای خەڵک، 8 کەس لە خاوەنەکانی ئەو نووسینگانەی ئاڵوگۆڕی دراو، کە مایەپووچبوونی خۆیان راگەیاندووە، دەستگیرکراون.
لەبارەی رێژەی ئەو پارەیەی لای خاوەن نووسینگەکانە و هی خەڵکە، عەقید عەلی وتی، "رێژەی پارەکە دیارە، بەڵام لەبەر رێکاری لێکۆڵینەوە ناتوانین ئاشکرای بکەین، چونکە دۆسیەکەیان لە دادگە لە لێکۆڵینەوەدایە."