دوو شه‌ممه‌, 23 ی ‌حوزه‌یران , 2025
رۆیتەرز: ئەمریكا ئامادەكاری دەكات بۆ چۆڵكردنی باڵیۆزخانەكەی لە بەغدا
  2025-06-11       402       

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردەوە ئەمریكا ئامادەكاری دەكات بۆ چۆڵكردنی باڵیۆزخانەكەی لە بەغدا ئەوەش بەهۆی زیادبونی مەترسییە ئەمنییەكان لە ناوچەكە. هەروەها ئاژانسی ئەسۆشیەتید پرێس دەڵێت، ئەمریكا ئامادەكاری دەكات بۆ كشاندنەوەی سەرجەم كارمەندە لاوەكییەكان لە باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لەبەغدا ئەوەش بەهۆی ئەگەری زیادبونی گرژییەكان لە ناوچەكە.

ئاوێنە: ئاژانسی رۆیتەزر لە زاری سێ بەرپرسی ئەمریكی و دو سەرچاوەی عێراقییەوە بڵاویكردۆتەوە، ئەمریكا ئامادەكاری دەكات بۆ چۆڵكردنی باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە بەغدا، ئەوەش بەهۆی زیادبونی مەترسییە ئەمنییەكان لە ناوچەكە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بەو مەترسییانە بدەن.

هاوكات ئاژانسی ئەسۆشیەتید پرێس لەزاری دو بەرپرسی ئەمریكییەوە بڵاویكردۆتەوە كە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكە ئامادەكاری دەكات بۆ دەركردنی فەرمانێك بۆ ئەوەی سەرجەم كارمەندە لاوەكییەكانی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا، باڵیۆزخانەكە بەجێبهێڵن ئەوەش بەهۆی ئەگەری زیادبونی گرژییەكان لە ناوچەكە.

هەروەك ئەو سەرچاوانە باسیان لەوە كردوە كە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا فەرمانیش دەكات بە كارمەندانی لاوەكی و ئەندامانی خێزانەكانیان كە كوەیت و بەحرەین جێبهێڵن.

یەكێك لە بەرپرسە ئەمریكییەكان وتویەتی، وەزارەتی بەرگریی وڵاتەكەی لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ پشتیوانیكردن كارمەندان بۆ  جێهێشتنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبەغدا.

بەهۆی ئەوەی كە وا دەردەكەوێت دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریكا لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران بە بنبەست گەیشتوە، ناوچەكە لەم چەند رۆژەی دواییدا بەرەو گرژبون چوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا چەند جار هەڕەشەی ئەوەی كردوە كە هێرش دەكەنە سەر ئێران ئەگەر دانوستانەكان شكست بهێنن. هەروەها ئەمڕۆ چوارشەممە، وتی، متمانەی بەوە كەم بوەتەوە كە ئێران رازی بێت بە راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم.

هەروەها عەزیز ناسرزادە، وەزیری بەرگریی ئێران رایگەیاند، لەئەگەری شكستهێنانی دانوستانەكان و هێرش بۆ سەر وڵاتەكەیدا، ئێران هێرش دەكاتە سەر بنكە ئەمریكییەكان لەناوچەكە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×