فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) هۆشداری بەئێران دەدات و دەڵێت " ئەگەر لەگەڵ ئێران نەگەن بە ڕێککەوتنێك، بە هێزێکی زۆرەوە وەڵامیان دەدەینەوە".
ئاوێنە: میدیاکانی ئەمەریکا بڵاویانکردەوە رۆژی سێ شەممە ١٠ ی حوزەیران، مایكڵ کۆرێلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا لە دانیشتنێکی لیژنەی خزمەتگوزاری سەربازیی ئەمەریکا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەو وڵاتە ڕایگەیاندووە" لە ئەگەری نەگەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران و بەردەوامبوونی پیتاندنی یۆرانیۆم، چەند بژاردەیەکی بۆ سەرۆکی ئەمەریکا و وەزیری بەرگریی پێشنیاز کردووە، ئامادەن بە هێزێکی زۆرەوە وەڵامی ئێران بدەنەوە، تا ڕێگریی لەو وڵاتە بکەن چەکی ئەتۆمی هەبێت".
" ئێران لە زیادکردنی یۆرانیۆمی پیتێندراو تا رێژەی ٦٠% بەردەوامە، هیچ ئامانجێکی ئاشتیخوازیش لە پشت ئەو پیتاندنەوە نییە و هەڕەشەی لێکەوتەی کارەساتبار لە ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکەش بە دوای خۆیدا دەهێنێت".( مایكڵ کۆرێلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا، لە درێژەی لێدوانەکەی ئاماژەی بەمە کردووە).
فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا ئاماژە بەوە دەکات کە ئێران لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا هیچ کاتێك وەك ئێستا، لەڕووی پێگەی ستراتیژییەوە لاواز نەبووە، بەڵام توانای سەربازیی ماوە.
ئەوە لە کاتێکدایە کە پێشبینی دەکرێت یەک شەممە گوڕێکی تری دانیشتنەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران بە ناوبژیوانی وڵاتی عەمان بەرێوەبچێت کە پێشبینی دەکرێت لە کۆتا کۆبوونەوەکان نزیک بێت.