هێزە ئەمنییەکانی بەیروتی پایتەختی لوبنان، بۆمبێکیان لە باڵیۆزخانەی سوید پوچەڵکردەوە و تاوەکو ئێستاش ناسنامەی ئەو کەسانە ئاشکرانین کە بۆمبەکەیان داناوە.
ئاوێنه: ئاژانسی هەواڵی سپۆتنیک بڵاویکردەوە:" هەوڵدراوە لە رێگەی بۆمبێکەوە تەقینەوەیەک باڵیۆزخانەی سوید لە بەیروتی پایتەختی لوبنان ئەنجام بدرێت، دوابەدوای ئاگادارکردنەوەیان هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە".
ئاماژەی بەوەشکرد:" هێزە ئەمنییەکان لە رێگەی تیمێکی شارەزاوە توانیان بۆمبەکە پوچەڵ بکەنەوە، هەروەها لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکردووە بە مەبەستی دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان".
هاوکات تۆبیاس بێلسترۆم وەزیری دەرەوەی سوید لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی:" ئێمە ئەم رووداوە زۆر جددی وەردەگرین، هەروها داوا لە دەسەڵاتدارانی لوبنانیش دەکەین پابەندبن بە پاراستنی دامەزراوە و نوێنەرە دیپلۆماسییەکان".
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ماوەکانی رابردوودا حکومەتی سوید چەندینجار مۆڵەتی سووتاندنی قورئانی پیرۆزی داوە و دیارترینیشیان، سووتاندنی قورئانی پیرۆزبوو لەلایەن کەسێکەوە بە ناوی سەلوان مۆمیکا لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراقدا کە خۆی بە رەچەڵەک خەڵکی عێراقە.
رێگەدان بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن سویدەوە کاردانەوە و ناڕەزایەتی هاوڵاتییانی ئەو وڵاتانەی لێکەوتەوە کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی موسڵمانن.