سەرۆکی ڤاگنەر لە روداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەكدا لە روسیا گیانی لەدەستدا
  2023-08-23       928       
یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گروپی ڤاگنەر

ئەمڕۆ چوارشەممە، فڕۆكەیەكی تایبەت لەنێوان مۆسكۆ و سان پەترسبۆرگ كەوتە خوارەوەو تێكشكا. دەستەی فڕۆكەوانی مەدەنی روسیا دەڵێت، لە ئەنجامی روداوەكە 10 سەرنشینی فڕۆكەكە گیانیان لەدەستداوە كە ناوی یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گروپی ڤاگنەر لەنێو سەرنشینانی فڕۆكەكەدایە. میدیای سەربە ڤاگنەریش دەڵێت، ئەو فڕۆكەیە كراوەتە ئامانج.

ئاوێنە: بەگوێرەی راگەیەندراوێكی دەستەی فڕۆكەوانی مەدەنی روسیا، ئەمڕۆ چوارشەممە، فڕۆكەیەكی تایبەت لە ناوچەی تڤێر كەوتۆتە خوارەوەو تێكشكاوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە فڕۆكەخانەیەكی مۆسكۆوە بەرەو سان پێتەرسبۆرگ، فڕیوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، فڕۆكەكە لە جۆری "ئیمبرایەر" بوە، سێ فڕۆكەوان و 7 سەرنشینی تێدابوەو سەرجەمیان لە روداوەكەدا گیانیان لەدەستداوە.

دەستەی فڕۆكەوانی مەدەنی روسیا، پشتڕاستی كردۆتەوە كە یەكێك لەو ناوانەی سەرنشینی فڕۆكەكە بون یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گروپی ڤاگنەربوە.

بەپێی كەناڵی بی بی سی بەریتانی، بەرلەوە كەناڵی "گرەی زۆن" سەربە گروپی ڤاگنەر لە تەلەگرام، رایگەیاند، هێزەكانی بەرگری ئاسمانی لە ناوچەی تڤێر لە باكوری مۆسكۆ، ئەو فڕۆكەیەیان كردۆتە ئامانج و خراوەتە خوارەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×